چاویار نیوز – ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی قەرارگەی خاتەمولئەنبیای ئێران لە راگەیێندراوێکدا گوتی، “پاراستنی مافە یاساییەکان”ی وڵاتەکەی بە ئەرکێکی سرووشتی دەزانن و هێزە چەکدارەکانیان بەردەوام دەبن لە “چەسپاندنی سەروەریی ئێران لە ئاوە هەرێمییەکان.
گوتەبێژی بنکەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیا سەبارەت بە هاتووچۆی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز گوتی، “هەروەک چەندین جار رامانگەیاندووە، ئەو کەشتییانەی سەر بە دوژمنن مافی تێپەڕبوونیان لە تەنگەی هورمز نییە و رێگەیان پێنادرێت، بەڵام کەشتییەکانی دیکە بە رەچاوکردنی رێسا و رێوشوێنەکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران دەتوانن تێپەڕبن.”
زولفەقاری ئاماژەی بەوەش کرد، ئێران پلانی هەیە بۆ قۆناخی دوای جەنگیش میکانیزمێکی هەمیشەیی بۆ کۆنترۆڵکردنی تەنگەی هورمز جێبەجێ بکات، هەروەها هەوڵەکانی ئەمریکای بۆ سنووردارکردنی هاتووچۆی دەریایی لە ئاوە نێودەوڵەتییەکان بە “کارێکی نایاسایی و چەتەیی دەریایی” ناوبرد.
گوتەبێژەکەی قەرارگەی خاتەمولئەنبیا جەختی لە پرسی “ئاسایش بۆ هەمووان یان بۆ هیچ کەس” کردەوە و رایگەیاند، “وەک هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە راشکاوی دەڵێین، ئاسایشی بەندەرەکان لە کەنداو و دەریای عومان یان دەبێت بۆ هەمووان بێت یان بۆ هیچ کەسێک نابێت. ئەگەر ئاسایشی بەندەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کەنداوی فارس و دەریای عومان هەڕەشەی لەسەر بێت، هیچ بەندەرێکی دیکە لە ناوچەکەدا پارێزراو نابێت.
No Comment! Be the first one.