فەرید دڵشاد مامۆستای زانکۆ، لە وتارێکدا کە ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی، نووسیویەتی:
گفتوگۆ لە بارەی دارشتنی سیاسەتی ئابووری لەگەڵ سەرۆكەكانی ئەمریكا و ئەو بڕیارانەی كە لەلایەن ئەوانەوە دەدرێن كاریگەرییان لەسەر سەدان ملیۆن كەس دەبێت لە جیهاندا، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئەو بڕیارانە چۆن دەدرێن؟ (سیمۆن باومەیكەر) لە كتێبەكەیدا بە ناوی (كاتێك سەرۆك پەیوەندی دەكات – گفتوگۆ لەگەڵ داڕێژەرانی سیاسەتی ئابووری) وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە، بۆ ئەو مەبەستە نووسەر رووبەڕوو لەگەڵ 35 داڕێژەری سیاسەتی ئابووری لە كۆشكی سپی چاوپێكەوتنی كردووە، وەك ئەنجومەنی راوێژكارانی ئابووری، فەرمانگەی بەڕێوەبردنی بودجە، وەزارەتی گەنجینە، ئەنجومەنی ئابووریی نیشتمانی.
نووسەر لە كتێبەكەیدا رۆڵی ئەو بەرپرسانە لەسەر پرسە گرنگەكان ئاشكرا دەكات، وەك بەرزكردنەوە یان دابەزاندنی باج و ئەو كۆت و بەندانەی لە كاتی قەیرانی داراییدا هاتوونەتە ئاراوە، چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵ قەیرانە دارایی و ئابوورییەكان. بەرپرسەكان ئاماژە بەوە دەكەن، پرۆسەی داڕشتنی سیاسەتی ئابووری لە ناو كۆشكی سپیدا رووبەڕووی ئاستەنگی بەرچاو دەبێتەوە، هەرچەندە زۆربەی سەرۆكەكان هەوڵدەدەن سەرەتا باشترین سیاسەتی ئابووریی بگرنەبەر و دواتر رەچاوی لایەنی سیاسی بكەن، بەڵام بەدەستهێنانی رەزامەندیی كۆنگرێس و بەرژەوەندییە حزبییەكان، زۆرجار دەبنە هۆی سازش و دروستبوونی كۆتوبەندكردن.
باج لە سەردەمی نیكسۆن و فۆرد دا
بە درێژایی مێژوو داڕێژەرانی سیاسەتی ئابووری ئەمریكا بۆچوونی جیاوازیان هەبووە لەسەر پرسی سەپاندنی باج. زۆربەی سەرۆكەكان و راوێژكارە ئابوورییەكانیان مەیلیان بەرەو كەمكردنەوەی باج هەبووە بۆ هاندانی گەشەی ئابووری، لە كاتێكدا كەمێكیان بڕیاریانداوە باج بەرز بكەنەوە بۆ دابینكردنی بودجەی بەرنامەكانی حكومەت. لە سەردەمی ئیدارەی (ریچارد نیكسۆن)دا ساڵانی حەفتاكانی سەدەی رابردوو، جۆرج شوڵتز، وەزیری گەنجینەی ئەمریكابوو، سەركردایەتی چاكسازییەكانی باجی كرد كە ئامانج لێی كەمكردنەوەی باجی كۆمپانیا و تاكەكان بوو لە هەوڵێكدا بۆ بەرەوپێشبردنی گەشەی ئابووری. (ئالان گرینسپان)، سەرۆكی ئەنجومەنی ئابووریی نیشتمانی لە سەردەمی سەرۆك (جیراڵد فۆرد)دا، پشتگیریی لە كەمكردنەوەی باج كرد بۆ پاڵپشتیی لە گەشەی ئابووری و بەرزكردنەوەی وەبەرهێنانی تایبەت و رەخساندنی هەلی كار.
كارتەر و ریگان و كلینتۆن
جیمی كارتەر لایەنگری سیستمێكی باج بوو، كە تێیدا ئەوانەی داهاتیان بەرزە باجی زیاتر بدەن. (ستیوارت ئایزنستات) راوێژكارە ئابوورییەكەی كارتەر پشتی بە سیستمێكی باج بەستبوو، كە ئامانجی بەدەستهێنانی دابەشكردنی دادپەروەرانەتر بوو لە بارگرانی باج. لە سەردەمی (رۆناڵد ریگان)دا بڕیار درا بە بەرزكردنەوەی باج بۆ راستكردنەوەی بودجەی حكومەت، بەڵام دواتر بڕیارێكی تر درا بۆ كەمكردنەوەی باج بە شێوەیەكی بەرچاو لە رێگەی یاسای كەمكردنەوەی باجەوە. لە لایەكی دیكەوە راوێژكارە ئابوورییەكانی (بێڵ كلینتۆن) پشتگیرییان لە بەرزكردنەوەی باج لەسەر چینی دەوڵەمەند كرد، ئەمەش رەنگدانەوەی بۆچوونەكانی راوێژكارە ئابوورییەكانی كلینتۆن بوو كە پشتگیرییان لە زیادكردنی باج كرد بۆ دابینكردنی بودجەی پەروەردە و تەندروستی و قەیرانە ئابوورییەكان، هەروەها پشتگیریی لە كەمكردنەوەی باج بۆ چینی ناوەڕاست و كەسانی كەمداهات كرد.
بوش و ئۆباما و ترەمپ
لە سەردەمی (جۆرج بوش)دا، یاسای كەمكردنەوەی باج بە ئامانجی هاندانی گەشەی ئابووری پەسەندكرا. (پۆڵ ئۆنیڵ) راوێژكارە ئابوورییەكەی لایەنگری كەمكردنەوەی باج بوو، ئەم كەمكردنەوەی باجانە بەشێك بوون لە هاندانی ئابووری و زیادكردنی هەلی كار، بەڵام دواتر بوش بڕیاریدا باج بەرزبكاتەوە بۆ چارەسەركردنی كورتهێنانی بودجە و زیادبوونی خەرجییەكانی پەیوەست بە شەڕەكانی ئەفغانستان و عیراق.
لە سەردەمی (باراك ئۆباما)دا، زیادكردنی باج لەسەر دەوڵەمەندەكان و كەمكردنەوەی باج بۆ چینی ناوەڕاست بەشێك بوو لە سیاسەتەكانیان، ئەوەش لەگەڵ بۆچوونی راوێژكارە ئابوورییەكانیدا یەكدەگرێتەوە، لە نێویاندا (ئالان كرۆگەر) كە جەختی لەوە كردەوە كە ئەم چاكسازییانە لە باجداندا ئابووریی ئەمریكا بەرز دەكەنەوە و وەبەرهێنان و هەلی كار زیاتر دەكەن. ئەم رەوتە لە سەردەمی (دۆناڵ ترەمپ)یشدا هەبووە، لە خولی یەكەمی سەرۆكایەتیدا داوای كەمكردنەوەی باجی داهات و كۆمپانیاكانی كرد. دەتوانین بڵێین سەركردە ئابوورییەكان گوێیان لە بۆچوونی راوێژكارە ئابوورییەكانیان گرتووە سەبارەت بە پرسی باج.
قەیرانی دارایی جیهان
قەیرانی دارایی جیهانی یەكێكە لە ئاستەنگە هەرە بەرچاوەكانی بەردەم داڕێژەرانی سیاسەتی ئابووریی ئەمریكا. قەیران لە سەردەمی سەرۆكایەتی جۆرج بوشدا دەستیپێكرد، ئیدارەكەی رێوشوێنی گرتەبەر بۆ چارەسەركردنی لێكەوتەكانی، لە هەموویان دیارتر دەركردنی پاكێجی رزگاركردنی دارایی بوو بۆ پاڵپشتیكردنی بانكەكان و دامەزراوە داراییەكان، كە مەترسیی مایەپووچبوونیان لەسەربوو.
كاتێك ئۆباما دەستبەكاربوو، قەیرانی دارایی خراپتر بوو، بێكاری زیادیكرد، بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكە رێوشوێنی زیاتر گیرایەبەر، لەوانە پەسەندكردنی یاسای چاودێری بە نرخێكی گونجاو (ئۆباماكەیر) بۆ كەمكردنەوەی تێچووی چاودێریی تەندروستی. هەروەها ئیدارەی ئۆباما بەرنامەیەكی هاندانی ئابووری راگەیاند بە بەهای زیاتر لە 800 ملیار دۆلار، لە رێگەی زیادكردنی خەرجیی حكومەت بۆ پاڵپشتیكردنی كەرتە ئابوورییە جیاجیاكان. زۆرێك لە ئابووریناسان رۆڵێكی گرنگیان بینی لە رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی جیهانی، لەوانە (پۆڵ ڤۆڵكەر) كە وەك سەرۆكی ئەنجومەنی راوێژكاریی ئابووری كاری كرد.
داڕێژەرانی سیاسەت و سەرۆكەكان
دروستكردنی پەیوەندییەكی كارا و نزیك و ئاسوودە لەگەڵ سەرۆكانی ئەمریكا بۆ دیاریكردنی كاریگەریی داڕێژەرانی سیاسەت لە كۆشكی سپیدا زۆر گرنگە، داڕێژەری سیاسەت دەبێت بزانێت سەرۆك چۆن بە باشترین شێوە زانیاری وەردەگرێت. چاوپێكەوتنەكانی (سیمۆن باومەیكەر) لەگەڵ داڕێژەرانی سیاسەتدا دەریانخست، كە ئەمانە لەناو كۆشكی سپیدا رۆڵی گەورەیان هەیە هەر لە كاتی بانگەشەوە تا كۆتایی ماوەی خولی سەرۆكایەتی، (ستیوارت ئایزنستات) بە پشتبەستن بە ئەزموونی خۆی لە ئیدارەی كارتەر ئاماژە بەوە دەكات، گرنگترین شت بۆ بەرپرسانی حكومەتی ئەمریكا بەتایبەت سەرۆك ئەوەیە، كە بۆچوونەكانیان بە رێز و دادپەروەرانەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت، تەنانەت ئەگەر لەگەڵ بڕیارەكانی سەرۆكیشدا ناكۆك بن. (مایكل جەی بۆسكین) راوێژكاری ئابووریی دەڵێت، پەیوەندییەكی باش لەگەڵ سەرۆكدا زۆر گرنگە، هەروەها ئابوورییەكی دروست بەشدارییەكی سەرەكییە بۆ داڕشتنی سیاسەت.
رێگەكانی بەرەنگاربوونەوەی هەڵاوسان
ئەمریكا لە ماوەی دەیەكانی رابردوودا رووبەڕووی ئاستەنگی جۆراوجۆر بووەتەوە لە مامەڵەكردن لەگەڵ هەڵاوساندا، لە ساڵانی حەفتاكانی سەدەی رابردوودا، (ریچارد نیكسۆن) رووبەڕووی رێژەی هەڵاوسانی بەرز بووەوە، ئەمەش وایلێكرد سیاسەتێكی دراوی توند پەیڕەو بكات بۆ سنوورداركردنی هەڵاوسان، ئەوە بوو بڕیاریدا گۆڕینی دۆلار بۆ زێڕ بۆ ماوەی 90 رۆژ رابگرێت. (جیمی كارتەر) كێشەی زۆری هەبوو بۆ كۆنترۆڵكردنی هەڵاوسان، گەمارۆی نەوتی سەر ئێران بووە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی نەوت و گاز و كەمیی وزە لە ئەمریكا، هەوڵەكانی كارتەر بۆ سنوورداركردنی هەڵاوسان بریتی بوو لە هەوڵدان بۆ كۆنترۆڵكردنی مووچە و نرخەكان، بەڵام سەركەوتوو نەبوو.
No Comment! Be the first one.