چاویارنیوز _ بۆ یەکەمجار زانیاری لەبارەی دۆخی کوردە جولەکەکان ئاشکرا دەبێت، کاتێک دەوڵەتی ئیسرائیل دروستکرا، کوردە جولەکەکانی کوردستان لەساڵی 1948، بەتایبەت لەساڵانی نێوان 1950 و 1951دا بەتەواوی کۆچیانکردو لەدەوروبەری قودس و چەندان ناوچەی لادێ نشین لەسەرتاسەری وڵاتەکەدا نیشتەجێبوون و لەناوچە شاخاوییەکانی دەوروبەری قودس و شوێنەکانی تردا گوندیان دروستکرد.
کوردەکانی ئیسرائیل ئەو کوردە جولەکانەن کە لەهەموو بەشەکانی کوردستانەوە، بەتایبەت لەشارەکانی سلێمانی و هەولێر و زاخۆو هەڵەبجەو پێنجوێن و کفری و کەلار و شەقڵاوەو ئامێدی و سەقز و بۆکان و کامیاران و کرماشانەوە، بەرەو ئیسرائیل کۆچیان کردووە.
نووسەری کتێبی (کوردەکانی دەرەوەی چوار پارچەی کوردستان) کە سیروان مووساپوور_ە، ئەوەی خستۆتەڕوو کە بەپێی سەرچاوەکانی تایبەت بە کوردە جووەکانی ئیسرائیل، 150 هەزار کەس لە کوردە جووەکان لە ئیسرائیلدا دەژین.
سیروان مووساپوور لەزاری چەند کوردێکی جولەکەی نیشتەجێبووی ئیسرائیلەوە، باس لەگوزەرانی نالەباری ئەوان دەکات، (ساسۆن) کە کوردێکی جولەکە بووەو گەڕاوەتەوە بۆ ئیسرائیل، باس لەسەرەتای گەڕانەوەیان لە کوردستانەوە بۆ ئیسرائیل دەکات و دەڵێت: دوای ئەوەی گەیشتینە خاکی ئیسرائیل، بەرەو ئۆردوگایان بردین، گوزەرانمان زۆر خراپ بوو، تەنانەت ئاوی خواردنەوەمان دەستنەدەکەوت و هیچ پارەمان پێنەبوو بۆئەوەی خۆمانی پێ بژێنین، بەڵام جولەکەکانی وڵاتانی تر، گوزەرانیان زۆر باش بوو، زۆر رێزیان لێدەگیرا، دیاربوو ئەمە پیلانێک بوو بۆ ئێمە بۆئەوەی وەک کۆیلە بەکارمان بێنن.
(ساسۆن) ئەوەش باس دەکات، کە جولەکە کوردەکان، لەپێناوی نانی رۆژانەیاندا، چی کارێک گران بوایە دەیانکرد، دەڵێت: ئەوان کاریان کردووەو جولەکە ئەوروپییەکان خواردوویانە.
کوردە جووەکانی ئیسرائیل، لەچاو جووەکانی وڵاتانی ئەوروپا لەهەموو بارێکی ژیان بێبەشن و کام کارەی گران و سەخت و ماندووبوونی زۆردەوێت، ئەوان دەیکەن، وەک کرێکاریی و جادەدروستکردن و ئاژەڵداریی و کشتوکاڵکردن.
لەکاتی هەڵبژاردندا، تۆزێک رێز لە کوردە جووەکان دەگرن و بەرپرسان لێیان نزیک دەبنەوە بۆئەوەی دەنگیان پێبدەن، بۆئەو مەبەستەش ئاهەنگیان بۆ دەگێڕن و دەهۆڵ و زوڕنایان بۆ لێدەدەن، دوای هەڵبژاردنیش پشتگوێیان دەخەن.
کوردە جولەکەکانی ئیسرائیل وەک کۆیلە تەماشادەکرێن
بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان، کوردە جووەکانی ئیسرائیل کە ژمارەیان نزیکەی 150 هەزار کەسن، نزیکەی 70 ساڵە لەو وڵاتەدا دەژین، باس لە سەرەتاکانی ژیانیان دەکەن و پێیانوایە بەراورد بە جووەکانی وڵاتانی ئەوروپا کە لەئیسرائیل نیشتەجێن، دژایەتییان دەکرێت.
No Comment! Be the first one.