چاویارنیوز – ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی لە سێیەم پەیامی ڤیدیۆیی دوای هێرشی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر ئێران:
بەپێویستی دەزانم چەند پیرۆزبایییەک ئاراستەی گەلی مەزنی ئێران بکەم:
یەکەم؛ پیرۆزبایی سەرکەوتن بەسەر ڕژێمی ساختەی زایۆنیستی. لەگەڵ ئەو هەموو ژاوەژاوە، بەو هەموو بانگەشەیە، ڕژێمی زایۆنی لە ژێر لێدانی کۆماری ئیسلامی نزیک بوو لە داڕمان
دووەم پیرۆزبایی پەیوەندی بە سەرکەوتنی ئێرانی خۆشەویستمان بەسەر ڕژێمی ئەمریکاوە هەیە. ڕژێمی ئەمریکا هاتە ناو شەڕێکی ڕاستەوخۆوە چونکە هەستی دەکرد ئەگەر نەچێتە ناوەوە ڕژێمی زایۆنیستی بە تەواوی لەناو دەچێت. بەڵام لەم شەڕەدا هیچ دەستکەوتێکی نەبوو. لێرەش کۆماری ئیسلامی سەرکەوت و لە بەرامبەریشدا شەقێکی سەختی لە ئەمریکا دا.
سێیەم پیرۆزبایی، پیرۆزبایی یەکگرتوویی نایابی گەلی ئێرانە. سوپاس بۆ خوا میللەتێکی نزیکەی ٩٠ ملیۆن کەسی، یەکگرتوو، بە یەک دەنگ، شان بە شان وەستان و پاڵپشتی هێزە چەکدارەکانیان کرد. گەلی ئێران سیمای بەرزی خۆی نیشان دا و نیشانی دا کە لە کاتی پێویستدا یەک دەنگ لەم میللەتە دەبیسترێت، و سوپاس بۆ خوا، ئەمە ڕوویدا.
ئایەتوڵڵا خامنەیی: ئەو خاڵەی کە دەمەوێت وەک خاڵێکی سەرەکیی لە قسەکانماندا بخەمەڕوو ئەوەیە کە سەرۆکی ئەمریکا لە یەکێک لە قسە و لێدوانەکانیدا ڕایگەیاندووە کە ئێران دەبێت خۆی بەدەستەوە بدات. “خۆ بەدەستەوەدان”! ئەمە ئیتر پەیوەندی بە پیتاندنی یۆرانیۆمەوە نییە، ئەمە پەیوەندی بە پیشەسازی ئەتۆمیەوە نییە، ئەمە پەیوەندی بە تەسلیمبوونی ئێرانەوە هەیە. بێگومان ئەمە وشەیەکی زۆر گەورەیە بۆ دەمی سەرۆکی ئەمریکا. ئێرانی گەورە، ئێران بەم مێژووە، ئێران بەم کولتوورە، ئێرانی بەم ئیرادە پۆڵاییەی میللی، وشەی “خۆ بەدەستەوەدان” بۆ وەها وڵاتێک مایەی گاڵتەجاڕییە بۆ ئەوانەی گەلی ئێران دەناسن. بەڵام لێدوانەکەی ڕاستییەکی ئاشکرا کرد؛ ئەمریکییەکان هەر لە سەرەتای شۆڕشی (ئیسلامی ئێران)ـەوە خەریکی دژایەتیکردنن لەگەڵ ئێرانی ئیسلامی، هەرجارەش بیانوویەکیان هەیە: جارێک مافی مرۆڤە، جارێک بەرگری لە دیموکراسیە، جارێک مافی ژنانە، جارێک پیتاندنی یۆرانیۆمە، جارێک پرسی ئەتۆمییە، جارێک پرسی بەرهەمهێنانی مووشەکە؛ بیانووی جۆراوجۆر دەهێننەوە، بەڵام جەوهەری مەسەلەکە لە “خۆ بەدەستەوەدانی ئێران” زیاتر نییە. ئەوانەی پێشووتر ئەمەیان نەدەوت چونکە قبوڵ کراوە نییە؛ لە هیچ لۆژیکێکی مرۆڤایەتیدا قبوڵکراو نییە کە بە نەتەوەیەک بڵێیت تەسلیم بێت، بۆیە لە ژێر ناونیشانی دیکەدا دەیان شاردەوە. ئەم کەسە ئەو ڕاستییەی ئاشکرا کرد، نیشانیدا و ڕوونی کردەوە کە ئەمریکییەکان تەنیا بە تەسلیمبوونی ئێران ڕازی دەبن و نەک کەمتر. وە ئەمە خاڵێکی گرنگە! پێویستە گەلی ئێران بزانێت کە ئەمە [هۆکاری] دژایەتی ئەمریکایە، و ئەم سووکایەتییە گەورەیە بە نەتەوەی ئێرانی ئەمریکییەکانە و ڕووداوێکی لەو شێوەیە هەرگیز ڕوونادات؛ هەرگیز ڕوونادات.
گەلی ئێران گەلێکی مەزنە، ئێران وڵاتێکی بەهێز و فراوانە، ئێران خاوەنی شارستانیەتێکی کۆنە؛ سامانی کولتووری و شارستانیمان سەدان هێندە زیاترە لە ئەمریکا و وڵاتانی هاوشێوەی ئەمریکا. بۆ کەسێک چاوەڕێی ئەوە بکات ئێران تەسلیم بە وڵاتێکی دیکە بێت، ئەمە یەکێکە لەو قسە بێمانایە کە بە دڵنیاییەوە دەبێتە جێی گاڵتەجاڕی کەسانی ژیر و زانا. گەلی ئێران ئازیزە و ئازیزیش دەمێنێتەوە، سەرکەوتووە و بە فەزڵی خودا سەرکەوتووش دەمێنێتەوە. وە هیوادارین خودای مەزن هەمیشە ئەم میللەتە لە ژێر سایەی نیعمەتی خۆیدا بە کەرامەت و شەرەفەوە بپارێزێت و پلەکانی ئیمامی (خومەینی) گەورە بەرز بکاتەوە و حەزرەتی بقیّةالله (ارواحنا فداه) لەم میللەتە دڵخۆش و ڕازی بکات، وە هاوکارییەکەی ببێتە پاڵپشتی ئەم میللەتە.
No Comment! Be the first one.