چاویارنیوز ـ ئەدهەم بارزانی لەڕاگەیەنراوێکدا کە ئەمەی خوارەوە دەقی ڕاگەیەنراوەکەیە دەڵێت:
بەناوی خوای گەورەو میهرەبانـ برایان و خوشكانی بەڕێزـ سەرجەم هاوڵاتیانی عێراق و هەرێمی كوردستانهەر وەك هەموومان چاوەڕێین بڕیار وایە لە ڕۆژی 11ـی 11ـی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت، كە پرۆسەیەكی گرنگ و هەستیارە لەبەردەم دۆزی ڕەوای میللەتەكەمان لەناوخۆی هەرێمی كوردستان، كە ئەوەی پێویستەو زۆر گرنگە بۆ ئەم شێوازە دەسەڵاتەی ٣٤ ساڵەی ڕابردوو هاوسەنگی و (تەوازنی) هێز رابگیرێت لە كوردستان و تێكنەچێت، وە گرنگە هاوڵاتیان بە دەنگەكانیان لێ نەگەڕێن لایەنێك باڵادەستی خۆی بەسەر لایەنەكاندا فەرز بكات.هەر وەك دیارە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا و تاكو ئێستا قەیرانی ئابوری و دارایی و كۆمەڵاییەتی و سیاسی و نەمانی باوەڕ و كەرامەت بەرۆكی هاوڵاتیان و جەماوەری هەرێمی كوردستانی گرتووەو لە دۆخێكی مەترسیداردا دەژین و ئۆپۆزسیۆنیش بە كۆن و نوێوە توانای گۆڕانكاریان لەم سیستەمە چەقبەستووەدا نەبووەو نیە، دەسەڵاتیش بەرەو ڕەهاییەكی تەواو بەنەبوونی چاودێریەكی وردی پەرلەمانی دەچێت كە زۆر مەترسیدارە و ئازادی و دیموكراسی و مافی مرۆڤ لە دەستی دەناڵێنێت”.لەبەر ئەوە نە تەنها پێویستە، بەڵكو ئەركێكی نیشتیمانییە كە هاوڵاتیان هاوسەنگی لەم دەسەڵاتدا ئەم جارە بە تەواوەتی بپارێزن و دەركەوت كە بەغداد و ناو پەرلەمانی عێراق بووە بە چەقی ململانێ سیاسیەكان و ناوەندێكی چارەسەكردنی سەرجەم كێشەكان.بۆیـە ئەم هەڵبژاردنە گرنگی و تایبەتمەندی خۆی هەیەو داوا لە سەرجەم چین و توێژەكان دەكەم بە شێوەیەكی بەرفراوان ڕوو لە ناوەندەكانی دەنگدان بكەن، دەنگ بدەن بەو كاندیدانەی كە هێژا بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دیاری كردون، بۆ ئەوەی ئەم هاوسەنگییە پارێزراو بێت و خزمەتێكی زیاتر بە هاوڵاتیانی كوردستان بكرێت.هەروەها داوا لە كوردانی نەینەوا و كەركوك و خانەقین دەكەم كە ساڵانێكی زۆر خۆتان و باوباپیرانتان قوربانی دەستی ستەمی سەركوتكارانە بوون و ئێستا هەلێكی تر لەبەردەمتانە تاوەكو بتوانن بەپڕكردنی سندوقەكان بەدەنگی كورد برینەكانتان سارێژ ببێت.براتانئەدهەم عوسمان شێخ ئەحمەد بارزانی
No Comment! Be the first one.