چاویارنیوز ـــ حوسێن کوڕی مەنسووری حەللاج یەکێک لە ئاڵۆزترین کەسایەتییەکانی ڕێبازی عیرفانە کە شوێن پێی لە ئەدەبی فارسی و کوردیشدا دیارە و بە وتنی “ٲنا الحق” گڕی بەردایە شەیدایانی ڕێگای ڕاستەقینەی ئەڤینداری.دکتۆر نەجمەدین جەباری دکتۆرای زمان و ئەدبیاتی فارسی و هەروەها مامۆستای بەشی زمان و ئەدەبیاتی کوردی لە زانکۆی سنە، بە هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوەی ئاڵا، جارێکی دیکە باس و بابەتێکی دیکەی سەبارەت بە کەسایەتییەکی ناوازە و ناسراو، بەڵام ئاڵۆز لە بواری ئەدەب وعیرفاندا پێشکەش کرد و هەموو ڕەهەندەکانی خستە ڕوو و لە کۆتاییشدا بیر وبۆچوونی تایبەت و جیاوازی خۆی لەسەر”حوسێن مەنسوور حەللاج” گێڕاوە.
دکتۆر جەباری باسەکەی بەم شێوە دەسپێکرد، ئەگەر بگەڕینەوە بۆ مێژوو دەبینین کە لەمەڕ “حوسێن مەنسوور حەللاج” دوو ڕوخسار هەیە و من هەوڵ ئەدم ڕوخساری ڕاستەقینەی پیشان بدەم، بەڵام ڕوخسارێکی تریشی هەیە کە ئەدەبییە، ئەم ڕوخسارە ئەدەبییەیە کە سەری لە ئێمە شێواندووە. چونکە هەر کەسایەتییەک کە بێتە نێو ئەدەبیات ئەوندە بەرز دەبێتەوە کە سەرمان لێ تێک دەچێ.
ناوی حوسەین بووە ناوی باوکی مەنسوور بووە و لەبەر ئەوەی ئەمانە لۆکەیان شی ئەکردەوە پێیان ئەوتن حەللاج. گۆیا ئەمە پیشەی باوکی بووە و هەر لە ڕووی ئەمەوە حەللاج وەکوو ناسناوێک بەسەریا ماوەتەوە. ساڵی 244ی کۆچی بەرابەر لەگەل 857ی زایینی لە ئاوایی توور سەربە شارۆچکەی بەیزای فارس لە ئێران لە دایک بووە. ئەم شارۆچکە لە حەوت فەرسەخی شاری شیرازدایە. شایانی ئاماژەیە کە لەو سەردەمەدا زمانی عەرەبی بەسەر ئەو ناوچەیەدا زاڵ بووە و دواتر دەڵیین کە مەنسووری حەللاج قەت زمانی فارسی نەزانیوە.
ساڵی 309ی کۆچی بەرابەر لەگەڵ 922ی زایینی لە بەغدا لە سێدارە دراوە. دۆخی ماڵیان باش نەبووە و هەر ئەمەش کاریگەری بووە لەسەر هەموو ژیان و هەوڵەکانی.
مەنسوور حەللاج لە ڕێگەی “جونەید بەغدادی” کە مامۆستای بوو ئاشنای سۆفیگەری بوو و بۆ ماوەی 20ساڵ لەسەر ڕێچکەی جونەید مایەوە. جگە لە جونەید بەغدادی، مەنسوور حەللاج چەندین مامۆستای دیکەشی بووە کە لەگەڵ هەرکامەیان و بەشێوازێک پەیوەندی خۆی بچڕاندووە.
کۆنترین بەسەرهات لەبارەی مەنسوور حەللاج دەگەڕێتەوە بۆ “خەتیب بەغدادای” کە لە ساڵی 463کۆچیدا فەوتی کردووە کە کتێبێکی نووسیوە بەناوی “مێژووی بەغداد” و لە سی لاپەڕەدا باسی حەللاجی کردووە و زۆرینەی بەڵگەکانیش کە هێناویەتەوە لە ئەحمەدی کوڕی حوسەینی حەللاج گێڕاویەتەوە، کەواتە دەتوانین بڵێین کە یەکەمین گێڕانەوەکان چونکە لە زاری کوڕەکەیەوە داکەوتووە گێڕانەوەیەک بووە کە بە قازانجی باوکی شکاوەتەوە.
تایبەتمەندییەکانی کەسایەتی حەللاج لەسەر زاری دکتۆر نەجمەدینی جەباری:یەکەمیان ئەوەی کە مەیلی بەسەفەر ئێگجار زۆر بووە. ئەوندە زۆر کە ئەلێن دایمە لەسەفەردا بووە. تەواوی سنوورەکانی جیهانی ئیسلامی تێپەڕاندووە.
دووهەمین تایبەتمەندی کەسایەتی حەللاج ئەوەیە کە مەیلی بە سیاسەت بووە و نامیلکەیەکیشی لەسەر سیاسەت نووسیوە کە پێشکەشی کردووە بە حوسەین کوڕی حەمدان و نامیلکەی تریشی پێشکەش کردووە بە ئیبن عیسا کە وەزیر بوون، تەنانەت لە بەسەرهاتەکاندا هاتووە کە خەڵک تکایان لێ کردووە کە خۆت ببە بە خەڵیفە، ئەویش ڕەتی کردووەتەوە و خۆی لێ نەداوە.
سێهەمین تایبەتمەندی کە زۆر زەقە ئەوەیە کە ئەڵێن ناوبراو مەیلی بە جادووگەری زۆر بووە، لە هەموو کتێبەکاندا هاتووە لە زەمانی خۆیەوە هەتا وەکوو ڕۆژگاری ئێمە، ئەمە هەر گوتراوە.ئیبن خەفیف کە خۆی تا کۆتایی تەمەنی هەر لەسەر ڕێچکە و ڕێبازی عیرفان ماوەتەوە و شەیدای ڕاستەقینەی حەللاج بووە باسی سەفەرەکەی مەنسوور حەللاج بۆ هیندستان و فێربوونی جادووەکەی دەکات.
چوارەمین تایبەتمەندی لە کەسایەتی مەنسوور حەللاج ئەوەیە کە ئەگەر مەیلی بە سەفەر زۆر بووە ئەگەر مەیلی بە سیاسەت بووە بە پێچەوانەوە قەت مەیلی بە حەمام کردن نەبووە. بە پێی بەڵگە و کتێبە مێژووییەکان وای دەگێڕنەوە کە کاتێ مەنسوور حەللاج دەگاتە مەککە پێ دەلێن عەباکەت لەبەر داکەنە و ئەویش هەمان کار دەکات پاشان دەڵێن: ئەسپێکانی ئەو عەبامان دەرهێنا و ئەمجار کێشامان! کێشەکەی گەیشتە نیودانگ کە ئەمە لە زوهدی زۆری ئەوەوە بوو.
شێخ عەتار نەیشابووی کە خۆی یەکێک لە شەیدایانی مەنسوور حەللاج بوو، شتێکی زۆر سەیری گەڕاوەتەوە ئەوە دەلێت؛ لە سەرەتای سۆفیگەریدا کە ڕیازەتی ئەکێشا عەبایەکی بوو کە بیست ساڵ لەبەری دانەکەندبوو، ڕۆژێ بە زۆر لەبەری دایانکەند، زۆرێک گیانلەبەری زیانەخڕۆی تێدا بوو، یەکێکیانیان کێشا، کێشەکەی بوو بە نیودانگ! یەکێ تر دەگێڕێتەوە کە، یەکێک بۆ لای ئەو هات دووپشکێکی دی کە بە دەوریدا ئەسووڕایەوە ویستی بیکوژێ، حەللاج وتی لێگەڕێ کە دوازدەساڵە هاوڕێمە و لە دەور و پشتما ئەسووڕێتەوە.
پێنجەمەین تایبەتمەندی کەسایەتی حەللاج ئەوەیە کە قەت زمانی فارسی نەزانیوە و لەو شارەدا زمانی عەرەبی زاڵ بووە و وەک ئەگێڕنەوە باوک و دایک حەللاجیش هەر لە منداڵییەوە بە عەرەبی قسەیان کردووە و ئیتر فارسی بیر چووەتەوە. جگەلەمەش لە چەندین سەرچاوەدا هەر باسی فارسی نەزانینی حەللاج کراوە.
نەجەدین جەباری بەم شێوەیە ئاماژەی دایە بەرهەمەکانی حەللاج: ئێمە ئەزانین کە کاتێک کە حەللاج لە سێدارە درا، زۆرینەی ئەو کتێبانەی کە لەگەڵی بوو، سووتاندیان و نەیانهێشت بڵاوبێتەوە.
“ئبن نەدیم” کاتبێکی باوڕپێکراو لە یەکێک لە کتێبەکانی دا بەنێوی “ئەلفێهرێست” دەڵێت؛ مەنسوور حەللاج 43 بەرهەمی نووسیوە، بەڵام ئەوانەی کەوا لەبەرەستایە و ئەمڕۆژە نێوی لێ دەبرێت، گرنگەکانی بریتییە لە، “تواسین” کە باسی “ئەنەلحەق”ی لەم کتێبەدا بۆ یەکەمجار هێنا و ئارووژاندی، “نوورئەلنوور”، “تاسین ئەلئەزەل”، “ئەلجەوهەر ئەلئەکبەر”، “شەجەرەت ئەلزەیتوون ئەلنوورییە”، “ئەلنەجم و ئیلا هەوا” و … لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا دیوانەکەشی لەبەردەستایە کە هەموو بەیتەکانی هەر بە زمانی عەرەبییە.
ڕەهەندێکی تر لەسەر باسی مەنسوور حەللاج بە پێی گێڕانەوەی دکتۆر جەباری: مەنسووری حەللاج زۆر باوەڕی لەسەر “ڕێجعەت” واتا گەڕانەوە بووە، لە کاتێکیشدا کەوا لە سێدارە درا، بە شاگردەکانی خۆی گوت کە پەرتەوازە مەبن، بمێنن دوای سی ڕۆژ من ئەگەڕێمەوە، یانێ باوەڕی ڕێجعەتی بووە. ئێمە لەناو جیهانی ئیسلامدا کەمتر باوەڕی ڕێجعەتمان بووە و تەواوی لێکدەرەکان دەڵێن ئێمە شتێک بە نێوی ڕێجعەت ناناسین.
لەوکارە سەیرانەی کە بە حەللاج نیسبەتی ئەدەن وەکوو ڕەهەندێکی تر لە باسەکە ئەوەیە کە کاتێ مەنسووریان لە سێدارە دا و پاشان سووتاندیان خۆڵەمێشەکەیان کردە نێو ئاوی دیجلە و هەمان ساڵ ئاوی دیجلە سەرکەشی کرد و لافاوێکی سەیری هێنا.
تاقمێک ئیدعایان وابوو کە وتیان لە سبەینێ ئەو ڕۆژەی کە مەنسوور لە سێدارە درا ئێمە لە نەهرەوان لە نزیکی بەغدا حەللاجمان دی کە سواری کەرێک بوو و بە خەڵکی دەگوت ئەو کەسە کەوا لە سێدارە دراوە من نەبووم و حەللاجی ڕاستەقینە منم. ئەم هەڵبەستنانە زۆر سەیرە.
نەجمەدین جەباری بەم شێوەیە باسی ئەفسانەسازی خەڵک لەباش مەرگی حەللاج دەکات: هەرچی زەمان تێپەڕێ، ئەفسانەکان بە نسبەتی حەللاج هەتا دێت ڕوو لە زیادبوون دەکات بە جۆرێک کە ئێمە ڕوواڵەتی کەسێک ئەبینین کە لە کەسایەتییەکی خاکی ناچێت. وەکوو ئەوەی کە پاڵی بەهەر دار یان شێخەڵە (داری بچووک) کە بدایات خورمای لێ دەباری و هەزاران گێڕانەوە و وەسفی سەیری دیکە کە نیشان لە بەرزکردنەوە لەڕادەبەدەری ئەو کەسایەتییە دەکات لە لایەن موریدانییەوە. یان وەک دەلێن کاتێ خوێنی مەنسوور لەسەر عەرزدا ڕژا، هەر دڵۆپێکی خوێنی دەیگوت “ئەنەلحەق”!. یان گێڕانەوەیەکی دیکە کە ئەڵێن هەر موریدێکی کەوا دڵۆپێک لە ئاوی دیجلە بخواتەوە دڵی لە هەموو گوناحەکان پاک دەبێتەوە، وەک دەبینین ئەمانە هەمووی چوونەتە قوناخی خورافەوە.
دکتۆر نەجمەدین جەباری مامۆستای زمان و ئەدەبیاتی فارسی و کوردی لە زانکۆ کوردستانی شار سنە بەم شێوازە کۆتایی بە باسەکە هێنا: لێرەدا دەمەوێ باسی دوو باوەڕ بە نسبەتی حەللاج بکەم، دەستەیەک یار و ئەوی تر نەیار ، کە یارەکانی مەنسووری حەللاج دەڵین ئەو ئەولیای خوا بووە. نەیارەکان دەڵێن جادووگەر بووە و ئەمە خەڵکی چەواشە کردووە. لەبیرمان نەچێ کاتێ کەوا لە ڕوانگەی ئەدەبیاتەوە بۆ حەللاج دەڕوانین هەموو ڕاستییە مێژووییەکان دادەشارێت و بە شێوازێکی دێکە نیشانی ئەدات. من خۆم باوەڕێکی جیاوازم هەیە و ئەویش ئەوەیە کە ئێمە حەللاج لە دەقە ئیسلامییەکاندا بەم جۆرە باس دەکەین کە بینیمان، بەڵام لەبیرمان نەچێ کە حەللاج لە دەقە یارسانەکانیشدا وەکوو پیرێکی یارسان ناوبراوە. ئەو خاڵەی کەوا زۆر جێ سەیر و سەرنجە ئەوەیە کە لەباری ئائینییەوە مەنسووری حەللاج موسڵمان نەبووە و ئایینی یارسانی بووە.
تاوانی لە سێدارە دانی مەنسوور حەللاج ئەوە بوو کە “باوەڕ بۆ ئایینی ئیسلام” لە بەین ئەبات. لە ڕۆژێکدا کە حوکمی لە سێدارەدانیان بۆ خوێندەوە کە لە لایەن 73 کەسەوە واژۆی لەسەر کرابوو، ئەم بابەتەی گتووە کە لە کتێبەکاندا بە زۆری هاتووە کە من باسی لێوە دەکەم. کاتێک حوکمەکەیان خوێندەوە حەللاج هاواری کرد و وتی: ” پشتم بە ئێوە گەرمە خوێنم بە بێتاوان مەڕێژن، مافی ئەوەتان نییە وەها لێکدانەوەی قسەکانم بکەن کە بگاتە سێدارە، ئائینم ئیسلامە و ئایین زام سونەیە و ڕێزگرتن لە سەحابە، کتێبەکانم لەسەر سونەبوون من هەن، خوایا خۆت بمپارێزە”
ئەگەر بەپشتبەستن بە هەموو بەڵگە مێژووییەکان بۆمان ڕوون بێتەوە کە ئایینی حەللاج یارسان بووە ئەدەی تەفسیری “ئەنەلحەق” لەسەر زاری ئەوەوە مانایەکی جیاواز لەخۆ ئەگرێ لە چوارچێوەی ئائیینی یارساندا و ئەبێ ئیتر لێکدانەوەیەکی تری بۆ بکرێت.
ئامادەکردن: کەژاڵ حەمیدی
No Comment! Be the first one.