ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
چاویارنیوز – دەکرێت (هێزە سیاسییەکانی دەسەڵات) و (ئۆپۆزسیۆن بە هێڵە دینیی و نادینییەکەشییەوە)، وەک سێ هێڵی ناتەریب پێناسە بکەین کە هەموویان بەدوای شوناسی خۆیاندا دەگەڕێن و دەجەنگن و نایدۆزنەوە، ئەم خولانەوەیە لە بازنەیەکی گەورەی بێ شوناسدا، هەر ئەو ناپێکەوەیی و دوورەپەرێزییەی لێ هەڵدەگۆزرێت کە ئێستا دەیبینین.
چەند رۆژی رابردوو، لێدوانی سەرکردەی یەکێک لە حزبە ئیسلامییەکانم خوێندەوە، دەڵێت: «هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان، هەریەکە و بە دۆڵێکدا دەڕۆن»، رەنگە ئیدیۆمەکە کەمێک میدیایی و سیاسیش نەبێت، بەڵام لە باری گشتیدا، دەربڕینێکی تەواوە، رەنگە بتوانین تەعبیرەکە بۆ هەموو ئاڕاستەکان تەعمیم بکەین، هەم هێزە سیاسییەکانی ناو دەسەڵات و هەم هێزە ئۆپۆزسیۆنە عەلمانی و ئیسلامییەکانیش لینکی هاوبەشیان نەماوە پێکەوە، زۆر بەگومانن لەیەکتر. ئۆپۆزسیۆن وادەزانن، مادام هێزێک لە دەسەڵاتە، ئیتر نابێت «السلام علیکم»ێکی لێبکرێت، لەناو هێزەکانی پێکهێنەری حکومەت و دەسەڵاتیشدا بۆچوونێک هەیە پێیوایە: ئۆپۆزسیۆن کاولکار و نابینایە بە جوانییەکانی وڵات، ئیسلامییەکانیش لەو نێوەندەدا، بڕوایان بە عەلمانییەتی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنیش نییە و هەرئەوەش وایکردووە باکگراوەندی دینی زاڵبێت بەسەر جۆری کارکردنی پێکەوەییدا.
دوو هێزی سیاسی لە هەرەمی دەسەڵاتدا، بەهەموو ماناکانەوە جودا و دوورن لە بناغە و ستراکچەری هاوبەش، ئەگەر جارجارێک ئەم دوو هێزە لەیەکتر نزیکبووبێتنەوە و لەسەر مێزێک گفتوگۆیان کردبێت، هۆکارەکە ئەوەیە، کە هیچیان ئۆپۆزسیۆن نەبوون و ناچارن لەناو یەک حکومەتدا کاربکەن و بمێننەوە «واتا پێکەوەییان وەزیفەی حکومەتدارییە نەک پرۆژەی گەورەی نەتەوەیی و بان نەتەوەیی»، بەهەر کلۆج و مەنتقێک لەنێوان هێزەکانی ناو دەسەڵات_حکومەت و هێزەکانی بەرەی بەناو ئۆپۆزسیۆن، گونجاوتر ئەوەیە کە هەر دەبێت ناکۆکییەکە زیاتر لەنێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستاندا بێت، نەک هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن.
بە لۆژیکی ئۆپۆزسیۆنانە، هەردوو هێزی دەسەڵاتدار بەهۆی لینکی ئابووری و نەوت و وزە و زۆرشتی ترەوە، توانیویانە هەندێکجار وا خۆیان پیشان بدەن کە کۆک و تەبان، لەکاتێکدا ئەم دوو هێزە لە ستراکچەرەوە بۆ ئایدیۆلۆژیا و دیموکراسی و مێنتاڵێت، جودان، بەڵام دەبێت بپرسین: ئەی کەواتە ئەو هەموو ناشیرینییەی کە دروشمی ئۆپۆزسیۆنە بەرامبەر دەسەڵات، بۆچی نەیتوانیوە ببێتە پردی هاوبەش لەنێوان هێزە ئۆپۆزسیۆنەکاندا (بەهێزی ئیسلامیی و نائیسلامییەوە) و نەیتوانیوە ببێتە پاڵنەرێک هەموو ناهاوبەشییەکانیان وەلابنێن و وەک چەندان نموونەی جیهانی یەکبگرن لە وێستگەیەکی کارکردندا؟ ئەم هێزانە تەنانەت لە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانیشدا، وەک یەک نیین.
ئیسلامییەکان کە ئۆپۆزسیۆنن لە هەناوی ئۆپۆزسیۆندا و هێندەی هەردوو لایەنی دەسەڵات و هێزە ئۆپۆزسیۆنە عەلمانییەکانیش، قسەیان لەسەردەکرێت، سەرەڕای زۆرترین و گەورەترین خاڵی هاوبەشیان کە دینە، ئەوانیش ناتوانن ناکۆکییەکانیان تێپەڕێنن، ئەوانیش دەیانەوێت یەکێکیان ببێتە نوێنەری راستەقینەی خودا لەسەر زەوی. ئەم مۆدێلەی ئیسلامییەکانی کوردستان بەجیاوازیی دوورییان لە خوێنڕشتن و دادگاییکردنی یەکتر، لە ناکۆکی و رێکنەکەوتنیاندا، هەمان مۆدێل و فۆرمە ئەوروپییەکەی پرۆتستانت و کاتۆلیک و فۆرمە رۆژهەڵاتییەکەی سوننە و شیعەن، ئەم هێزانەی ئێمەش دەیانەوێت پێش ئەوەی دەسەڵاتی سیاسی چاک بکەن، جێپێی خۆیان وەک روخساری یەکەمی دەسەڵات و قسەکەر بەناوی دینەوە لە کوردستان بچەسپێنن.
وەک چۆن وەزیفەی رەخنەیی لە پنتی دەسەڵاتدا، هەردەبێت لەسەر یەکێتی و پارتی کاربکات، دەبێت ئێمە کە رەخنە لە ئۆپۆزسیۆنی ئیسلامییش دەگرین، ئەو هێزانە بگرێتەوە، کە پنتی دین نەبووەتە هۆکاری یەکبوون و هەڵبژاردنی کاری پێکەوەیی. پچڕانی کۆی لینکەکان لە دەسەڵاتەوە تا ئۆپۆزیسۆن، تێنەگەشتنە لە مانای «بەهای هاوبەش»، لەچەندین وێنەدا.دەکرێت هێزێکی خاوەن باکگراوەندی دینی لەپێناوی بەها باڵاکاندا، لەگەڵ هێزێکی نادینی کاربکات، یان لەپێناوی خزمەتکردنی وڵات و هاووڵاتی و مانادارکردنەوەی فەلسەفەی ئەخلاقیی سیاسی یان کۆمەڵایەتی، پێکەوە کاربکەن، بەبڕوای ئێمە هەڵە گەورەکە لەو شوێنەدایە کە کارکردن لەنێوان هێزە کوردستانییەکاندا دابەشبکرێت بۆ رەش و سپی، خێر و شەڕ و ئیتر هیچ دەلاقەیەک لەو نێوەندەدا نەمێنێت بەسەر یەکتردا بکرێتەوە.
No Comment! Be the first one.