ئارێز عەبدوڵڵا
چەندین ساڵە یەکێتی و پارتی ئەم وڵاتە بەڕێوە دەبەن. سەرەتا، بەتایبەت لە دوای ڕووخانی ڕژێمی سەددام تا ٢٠٠٩، بەرەو دامەزراندنی سیستمی دەسەڵات هەنگاوی گەورە نران؛ ئەویش بە هۆکاری هاوسەنگیی سیاسی و هاوئاهەنگیی نێوان ئەو دوو هێزە بوو. بەڵام لەوە بەولاوە، نەک هەر پرۆسەکە چەقی بەست، بگرە لە زۆر بواریشدا پاشەکشە کراوە!
لەبارەی بەشداریی یەکێتی لە حکوومەت، پتر لەنیوەی ئەوەی پارتی ڕایگەیاندووە جێبەجێی نەکردووە و ئەوەی یەکێتیش ویستوویەتی ڕاینەگەیاندووە؛ بۆیە زۆر جار گوتراوە کە نازانرێت یەکێتی چی دەوێت!
پارتی بە هەموو شێوەیەک هەوڵی داوە کۆنتڕۆڵی هەرێمی کوردستان بکات و لایەنەکانی تریش بەرەو پەراوێز ڕاماڵێت. هەرچی یەکێتییە، ویستوویەتی تەنیا بە بەهێزی بمێنێتەوە.
لە ململانێی مەیدان و کایەی سیاسی ، هەوڵدان بۆ خۆبەهێزکردن و لاوازکردنی ئەوانی دی، کارێکی یاسایی و ئاساییە، بەڵام کاتێک باس دێتە سەر هاوپەیمانێتی و بەکارهێنانی توانا و جومگەکانی دەسەڵات لە بەرژەوەندیی لایەک و دژی لايەکی دی، باسێکی ترە. لە کەس شاراوە نییە ئەوەی بە هۆکاری دەسەڵات پارتی بە یەکێتیی کردووە، نەک هەر کەم نییە، بگرە ئەگەر نەیاریشی بوایە هەر هێندەی دەکرد. بەڵام لەو بوارەدا یەکێتیش بێ ئۆباڵ نییە، چونکە بە هەر هۆکارێک بووبێت، بە زۆری بێدەنگ و بێباک بووە.هەر ئەوەش نا، بەلکو دەستخستنە ناو کاروباری يەکێتی و راکێشان و کڕينی هەندێک لە کاديرەکانی ئەوەندەی تر قوڕەکەی خەست کردۆتەوە.
ئەو شێوازە هەڵسوکەوتانە زیانیان بە یەکێتی گەیاندووە و بێمتمانەییەکی گەورەشیان دروست کردووە، کە ئەوەش لە بەرژەوەندیی کەس نییە.
ئەوەی مایەی سەرنجە، سەرەڕای ئەوەش، زۆر جاران لەسەر ناقایلبوون و دەنگ هەڵبڕین، هەندێ لە کادیرانی یەکێتی لەلایەن سەرکردایەتیی خۆیانەوە سزا دراون!
بە کورتی و بە کوردی، ئێستا ئێمە گەیشتووینەتە قۆناغێک کە ئەگەر پێداچوونەوەیەکی هەمەلایەنە و بەرپرسانە نەکرێت، بە پلانێکی نیشتمانی سیستمی فەرمانڕەوایی چاک و سەقامگیر نەکرێت، ئەوا پێکهێنانی کابینەی حکومەتیش تەنیا پینەوپەڕۆیەکی کاتی و مایەپووچە !
No Comment! Be the first one.