چاویارنیوز ـ دکتۆر ئومێد عەلی پزیشک و ئەندامی پارلەمانی کوردستان لە پێشنیارێکدا بۆ بەرپرسانی وڵات بەناوی ” بەڵێ بۆ دامەزراندنی پزیشکانی نوێ” دەنوسێت:
دامەزراندنی پزیشکانی نوێ دامەزراندنی کەسێک نیە لە کایەی تەندروستی،بەڵکو بەردەوامیدانە بە کاروانی پێگەیاندنی پسپۆڕییە تەندرستیەکان و گەشەسەندنی کاروانی پزیشکی لە کوردستان،بەردەوامی دانە بە خزمەت کردنی نەخۆش لە بەشە جیاوازەکانی نەخۆشخانەو سەنتەرە پزیشکییەکان
دانەمەزراندنی ئەم پزیشکانە واتە پەکخستنی زانست و خوێندنی باڵای پزیشکی، هێواش هێواش پزیشکی مقیم و پزیشکی مقیم اقدم پاشان پسپۆری نوێ نامێنێت ،ئەوە باسی کارمەندانیش ناکەم کە ئێستا ٥٠٪ کەرتی تەندروستی خۆبەخش ئەیبا بەڕێوە،ئەمەش بەواتای پەککەوتنی کەرتی تەندروستی کوردستان لە ٢-٤ ساڵدا.
ئێمە ئەزانین ئەم سستەمە تەندروستیە کۆنە، خراپە، لەگەڵ کوالیتی ئەمڕۆی دەوڵەتداری و کایەی تەندروستی ناگونجێت بەڵام چاکردنی ئەمە پێویستی بە خواستی حکومەت، گۆرینی یاساکان هەیە، بودجەی تایبەتی ئەوێت ، پێویستی بە یاسای بیمە و کۆمپانیای دەرمان و پێداویستی پزیشکی نیشتمانی و گۆڕینی شێوەی ئیدارەدانی تەندروستی بە خەڵکانی پسپۆری بەڕێوەبردن، دەرهێنانی لە کایەی بازرگانی و پشتبەستن بە کۆمپانیاکانی دەرەوە بۆ پیداویستی ئامێرو دەرمان و پیداویستی ڕۆژانەی تەندروستی هەیە.
پێش ساڵ و نیوێک ئێمە ئەم هۆشداریەمان دا بەڵام کێشەکە هەر وەک خۆیەتی، داوا دەکەین بەوپەری خەمخۆریەوە بیرێک لە کەرتی تەندروستی بکەنەوە بە پێچەوانەوە کارەساتی هەرەسهێنانی کەرتی تەندروستی کوردستان چاوەڕێمانە.
No Comment! Be the first one.