چاویارنیوز _ ڕیاڵ مەدرید بە فەرمی کۆتایی هاتنی ماوەی گرێبەستەکەی “دێنی کارواخال”ی لە یانەکەیدا ڕاگەیاند؛ بەرگریکارەکە، لە کۆتایی ئەم وەرزەدا و دوای ٢٤ ساڵ لەگەڵ مەدریدییەکان و بردنەوەی ٢٧ جام، تیپەکەی بەجێدەهێڵێت.
یانەی ڕیال مەدرید چەند خولەکێک لەمەوبەر بەیاننامەیەکی فەرمی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، دێی کارواخال، کاپتنی یەکەمی تیپەکە، لە کۆتایی ئەم وەرزەدا یانەی گالاکتیکۆس بەجێدەهێڵێت. گرێبەستی ئەو بەرگریکارە بەئەزموونە ئیسپانییە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا کۆتایی دێت و بەڕێوەبەرانی یانەی ڕیال مەدرید بڕیاریانداوە گرێبەستەکەی نوێ نەکەنەوە، بەمەش کۆتاییان بە ماوەی یەکێک لە یاریزانە دڵسۆزەکانی مێژووی یانەکە لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ هێنا. تا ئێستا شوێنی داهاتووی یاریزانە تەمەن 34 ساڵەکە دیاری نەکراوە.
کارواخال لە ساڵی 2002 پەیوەندی بە ئەکادیمیای ڕیال مەدریدەوە کردووە و بە گشتی 23 وەرز لەگەڵ یانەکەدا یاری کردووە؛ 10 ساڵ لە ئەکادیمیا و 13 وەرز لە تیپی یەکەم. لەم ماوەیەدا پایەی نەوەی زێڕینی ڕیال مەدرید بوو و توانی 27 نازناوی لەگەڵ تیپەکەدا بەدەستبهێنێت. شەرەفەکانی ناوبراو لەگەڵ ڕیال مەدرید بریتین لە:
6 نازناوی چامپیۆنزلیگ
6 نازناوی جامی جیهانی یانەکان
5 نازناوی جامی سوپەری ئەوروپا
4 نازناوی لالیگا
2 نازناوی جامی شای ئیسپانیا
4 نازناوی جامی سوپەری ئیسپانیا
هەروەها کارواخال لە ساڵی 2024 لە باشترین هەڵبژاردەی جیهانی FIFProدا جێگیر بوو و لەو ساڵەدا وەک باشترین یاریزان لە یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگدا دەستنیشانکرا، یارییەک کە تیایدا گۆڵی بۆ ڕیال مەدرید تۆمارکرد. بەرگریکارە ئیسپانییەکە بە کۆی گشتی 450 یاری لەگەڵ یانەی ڕیال مەدرید ئەنجامداوە و 14 گۆڵی تۆمارکردووە. هەروەها 51 یاری لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا ئەنجامدا و لەگەڵ لارۆخا توانی یۆرۆی 2024 و خولی نەتەوەکانی ئەوروپا 2023 بباتەوە.
یانەی ڕیال مەدرید ڕایگەیاند، لە یاری کۆتایی ئەم وەرزەدا لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ ڕێز لە کارواخال دەگرن. فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی ڕیال مەدرید کاردانەوەی بەرامبەر بە ڕۆیشتنی ئەو بەرگریکارە دێرینە دەربڕی و ڕایگەیاند؛
دێنی کارواخال ئەفسانە و هێمای ڕیال مەدرید و ئەکادیمیای یانەکەیە، وێنەی ئەو شانبەشانی ئەلفریدۆ دی ستیفانۆی خۆشەویست لە کاتی دانانی بەردی بناغەی شاری وەرزشی ڕیال مەدرید بۆ هەمیشە لە دڵی مەدریدییەکاندا دەمێنێتەوە.
No Comment! Be the first one.