چاویار نیوز – ئەم جوڵەیەی ئێستای دەروازەی ڕەبیعە لە ڕاستیدا ڕەنگدانەوەی خەونە کۆنەکەی تورکیایە، بۆ دروست کردنی ڕێڕەوێکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەغدا بەبێ تێپەڕین بە خاکی هەرێمی کوردستاندا پڕۆژەی “ئۆڤاکۆ” کە ساڵانێکە وەک هەڕەشەیەکی ستراتیژی لەسەر پێگەی جیۆپۆلەتیکی هەرێم دەبینرێت،ئێستا لە بەرگێکی نوێدا و بە دەستکارییەکی تەکیتیکییەوە لە ڕێگەی خاکی سوریاوە چوەتە بواری جێبەجێ کردنەوە.
نزیک بوونەوەی سیاسیی ئەنقەرە لە دیمەشق و هەماهەنگییە ژێرپەردەکانی لەگەڵ بەغدا، وایکردووە تورکیا بەدیلێکی خێراتر و کاریگەرتر بۆ ئیبراهیم خەلیل بدۆزێتەوە تاوەکو شادەماری ئابوری زۆنی زەرد وشک بکات.
پڕۆژەی ئۆڤاکۆ کە ئامانجی سەرەکیی بەستنەوەی تورکیایە بە تەلەعفەر و موسڵ لە ڕێگەی ناوچەی “فیشخاپور”، دەیەوێت هەرێم لە هاوکێشەی ترانزێتی نێودەوڵەتی بکاتە دەرەوە،ئەنجامی ئەم پلانە بۆ زۆنی زەرد یەکجار مەترسیدارە؛چونکە کەم بوونەوەی داهاتی گومرگی تەنها زیانێکی دارایی نییە،بەڵکو لاواز کردنی پێگەی سیاسیی پارتییە لە بەرامبەر بەغدا.
ئەگەر جاران ئیبراهیم خەلیل کارتی گوشاری هەرێم بوو بۆ سەر ناوەند، ئێستا ئۆڤاکۆ و ڕێڕەوە نوێیەکانی ترانزێت دەبنە کارتی گوشاری تورکیا و عێراق بۆ خنکاندنی ئابوری زۆنی زەرد. ئەم پڕۆژەیە وەک پەتێکی خنکێنەر وایە کە بە هێمنی لە دەوری دەروازە سنورییەکانی پارتی توند دەکرێتەوە،تا ئەو کاتەی ئیبراهیم خەلیل تەنها وەک دەروازەیەکی ناوخۆیی و کەم بایەخ دەمێنێتەوە و داهاتەکەی بەرەو نەمان دەچێت.
No Comment! Be the first one.