چاویارنیوز _ “خۆزێ مۆرینیۆ” لە سەروبەندی گەڕانەوەی پڕ لە دەنگ و باسی بۆ سەر کورسی یەدەگی ڕیاڵ مەدرید، هەر لەسەرەتاوە ڕووبەڕووی یەکێک لە ئەرکە گرنگەکانی سەردەمی نوێی خۆی بووەتەوە؛ ئەرکێک کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە دوو ئەستێرەی گەورەی هێڵی هێرشەکەوە هەیە کە بریتین لە کیلیان ئمباپێ و ڤینیسیۆس جونیۆر.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی ئاس، فلۆرێنتینۆ پێرێز داوای لە ڕاهێنەرە پورتوگالییەکە کردووە، ڕێگەچارەیەکی تەکتیکی بدۆزێتەوە کە ڕێگە بە هەردوو یاریزانەکە بدات کە لە لووتکەی خۆیاندا پێکەوە ئاستێکی بەرز پێشکەش بکەن بەبێ ئەوەی کاریگەری یەکتر کەم بکەنەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، لە ئێستادا بەڕێوەبەرانی یانەی ڕیال مەدرید هیچ پلانێکیان نییە بۆ فرۆشتن و تەنانەت بیر لە جیاکردنەوەی هیچکام لەو دوو هێرشبەرە ناکەنەوە. سەرەڕای هەندێک قسە و باس لەسەر ئەگەری سەریەککەوتنی ڕۆڵەکانی ئمباپێ و ڤینیسیۆس و شوێنی یاریکردن، بەڵام سیاسەتی یانەکە ڕوونە: هەردوو یاریزانەکە وەک پایەی سەرەکی پڕۆژەی درێژخایەنی ڕیاڵ مەدرید سەیر دەکرێن و بڕیارە داهاتووی هێرشی سپی پێستەکان لە قاڵب بدەن. هەروەها پێرێز حساب بۆ درەوشاوەیی هاوکاتی ئەو دوو ئەستێرەیە دەکات و بەنیازی ئەوە نییە هیچ ئۆفەرێکی گواستنەوە لەبەرچاو بگرێت.
مۆرینیۆ کە پێشتر لە نێوان ساڵانی 2010 بۆ 2013 ڕاهێنەری یانەی ڕیاڵ بوو، ئێستا دەبێت پێکهاتەیەک دروست بکات کە هەم ترسناک بێت و هەم هاوسەنگ بێت لە لالیگا و بەتایبەتیش لە چامپیۆنزلیگدا. جگە لەوەش دۆخی گرێبەستەکەی ڤینیسیۆسیش چاودێری دەکرێت و دانوستانەکان بۆ درێژکردنەوەی گرێبەستەکە بە خێراییەکی ئەرێنی بەردەوامن. بڕیارە پێش مۆندیالی 2026 ڕێککەوتنەکە یەکلایی بکرێتەوە.
No Comment! Be the first one.