چاویارنیوز ـ سەرچاوەیەکی تایبەت و باڵا لەناو پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاشکرای کرد کە لەسەر دەستپێشخەرییەکەی مەسعود بارزانی، لە ئێستادا پارتی دیموکراتی کوردستان دابەش بووە بەسەر دوو ئاڕاستە و جەمسەری جیاوازدا.
ئەم پێشهاتە دوای ئەوە دێت کە مەسعود بارزانی لە بروسکەی پیرۆزبایی جەژنی قورباندا، نیگەرانیی قووڵی خۆی لە دۆخی خراپی سیاسیی هەرێمی کوردستان دەربڕی و بە ڕوونی ڕووی دەمی کردە لایەنەکان و ڕایگەیاند: “واز لە خۆخۆری بهێنن و دوای جەژن بەیەکەوە دابنیشن.”
بەڵام بەپێی وتەی ئەو سەرچاوە باڵایەی پارتی بۆ “وڵات”، ئەم پەیامە و دۆخی دوای جەژن، ئاڕاستەی گشتیی بڕیاری لەناو پارتیدا بەسەر دوو بەرەی جیاوازدا دابەش کردووە:
ئاڕاستەی یەکەم: بەرەی ڕێککەوتن و نەرمیوانان ئەم بەرەیە کە لەلایەن سەرۆکی پارتی (مەسعود بارزانی) و جێگری یەکەمی سەرۆکی پارتی (نێچیرڤان بارزانی)یەوە نوێنەرایەتی دەکرێت، هاوڕا و کۆکن لەگەڵ ئەو دیدگا و بڕوایەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە لە ڕێگەی هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتییەوە گەیەندراوەتە حزبەکە.
ئەم ئاڕاستەیە پێی وایە پێویستە پارتی و یەکێتی و سەرجەم لایەنەکانی دیکە ڕێگری بکەن لەوەی دۆخەکە بگاتە هەڵبژاردنی پێشوەختە. لەبری ئەوە، لە مانگی حوزەیراندا (مانگی شەش) گفتوگۆ و دانوستانەکان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی
حکومەتی نوێ دەست پێ بکات، و ڕێککەوتنێکی گشتگیر لە نێوان لایەنە براوەکانی هەڵبژاردندا واژۆ بکرێت.
ئاڕاستەی دووەم: بەرەی مەسرور بارزانی و مەنسور بارزانی لە بەرامبەردا، ئاڕاستەی دووەم کە لەلایەن مەسرور بارزانی و مەنسور بارزانیی برایەوە سەرپەرشتی دەکرێت، دیدگایەکی تەواو جیاوازیان هەیە. مەسرور بارزانی پێی وایە کە نابێت هیچ سازشێک
بکرێت و دەبێت هەردوو پۆستە باڵاکەی هەرێمی کوردستان (سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت) بۆ پارتی بن.
بۆ ڕێگریکردن لە هەنگاوەکانی ئاڕاستەی یەکەم (مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی)، لە ئێستادا مەسرور بارزانی هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ تێکدانی ئەو لێکتێگەیشتنە سیاسییەی کە لە جەژنی قورباندا هاتە ئاراوە. ئەم هەوڵەش لە ڕێگەی هێرشی میدیایی
و لێدان لە بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی تاقی دەکرێتەوە، بەو ئامانجەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ناچار بکرێت دەست بە هێرشی پێچەوانەی ڕاگەیاندن بکاتەوە و دۆخەکە بگەڕێتەوە بۆ پێش جەژنی قوربان. بەڵام بەپێی زانیارییەکان، یەکێتی نایەوێت بچێتە ناو ئەم یارییەوە و نایەوێت ئەو پلانەی مەسرور بارزانی سەر بگرێت.
دڵەڕاوکێ و نیگەرانییەکانی مەسرور بارزانی سەرچاوە باڵاکەی پارتی بۆ “وڵات” دووهۆکاری سەرەکیی نیگەرانییەکانی مەسرور بارزانی ئاشکرا کردووە:
1. هێڵی سووری نێودەوڵەتی: بوونی هێڵێکی سووری نێودەوڵەتی لە دەوروبەری مەسرور
بارزانی، بەجۆرێک کە خواستێکی نێودەوڵەتی نییە بۆ ئەوەی ناوبراو بۆ خولی
سێیەم ببێتەوە بە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
2. پرسی پۆستی جێگرەوە: ئەگەر مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیران نەبێت، چ پۆستێکی پێدەدرێت؟ بەوپێیەی لە ئێستادا هیچ شوێن و پۆستێکی دیکە نییە کە هاوتای قەبارە و پێگەی ئێستای ئەو بێت لەناو دەسەڵاتدا.
پلانی دەزگای پاراستن بۆ کۆتایی ٢٠٢٦ ئەو سەرچاوە باڵایە ئاماژەی بەوەش کردووە کە لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا، دەزگای پاراستنی پارتی وەک خراپترین بەدیل، پلانێکیان بۆ ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لەناو پارتیدا داڕشتووە کە تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٦ جێبەجێ دەکرێت.
لای خۆشیەوە، مێدیای “وڵات” بەهۆی هەستیاریی زۆری زانیارییەکانی تایبەت بەم پلانە، لە ئێستادا لە بڵاوکردنەوەی وردەکارییەکانی پارێزگاری دەکات.
No Comment! Be the first one.