چاویارنیوز _ دوای بردنەوەی نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا بۆ وەرزی 2025/2026 پاریس سانجێرمان توانی نزیکەی 150 ملیۆن یۆرۆ وەک خەڵات بەشێوەی کاش لەو پێشبڕکێیەدا بەدەستبهێنێت.
ئەم ژمارەیە بەشە جیاوازەکانی پارەی یوفا و پشکی بازاڕی تەلەفزیۆنی لەخۆدەگرێت، هەروەها بە نیشاندەری بەهێزی دارایی یانەکە دادەنرێت جگە لە سەرکەوتنە وەرزشییەکانی.
پشکی پاریس سانجێرمان لە مافی تەلەفزیۆن 34 ملیۆن یۆرۆ بووە. جگە لەوەش پارەدانەکانی پەیوەست بە ڕێژەی یانەکانی یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا 11 ملیۆن یۆرۆ بووە، بڕی بنەڕەتی بۆ بەشداریکردن لە قۆناغی خولەکان 18 ملیۆن و 600 هەزار یۆرۆ بووە، هەروەها پاداشتی ئاستەکانی قۆناغی خولەکە 18 ملیۆن و 700 هەزار یۆرۆ بووە.
هەروەها تیپەکە 11 ملیۆن یۆرۆی وەرگرتووە بۆ گەیشتن بە قۆناغی 16، 12.5 ملیۆن یۆرۆ بۆ گەیشتن بە قۆناغی چارەکی کۆتایی، 15 ملیۆن یۆرۆ بۆ گەیشتن بە قۆناغی پێش کۆتایی و 18.5 ملیۆن یۆرۆ بۆ گەیشتن بە قۆناغی کۆتایی. هەروەها بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگ پاداشتی تایبەتی 6.5 ملیۆن یۆرۆی بەدوای خۆیدا هێنا. جگە لەوەش بەشداریکردن لە جامی سوپەری ئەوروپا 4 ملیۆن یۆرۆی دیکەی بۆ داهاتی یانەکە زیادکرد.
کۆی ئەم بڕە پارانە ئەوە دەردەخات کە پاریس سانجێرمان لەم وەرزەدا تەنها لە چامپیۆنزلیگدا زیاتر لە 150 ملیۆن یۆرۆی بەدەستهێناوە. جێگای سەرنجە کە لە دوو وەرزی ڕابردوودا کۆی داهاتی یانەکە لە چامپیۆنزلیگ گەیشتووەتە نزیکەی 300 ملیۆن یۆرۆ؛ ئەم ژمارەیە بەبێ لەبەرچاوگرتنی داهاتی ڕۆژی یارییەکە و فرۆشتنی بلیتەکان حیسابی بۆ دەکرێت و تەنها پەیوەندی بە خەڵات و بەشدارییە داراییەکانی یەکێتی ئەوروپا هەیە.
No Comment! Be the first one.