چاویارنیوز _ کاروان ئەنوەر سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لەنووسینێکدا باس لەو کەسانە دەکات کە کۆمێنت بۆ وەسفی سەدام دەنووسن، ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:
کە ھەرزەکار بووین قسەیەک باوبوو، گوایە بە ناوی ئیڤا براون خۆشەویستەكەی ئەدۆڵف هیتلەر ناونراوە، بەڵام ئەم زانیارییە ڕاست نەبوو، ناوی IFA پیتی یەکەمی کورتکراوەی سێ وشەیە.. ئیڤا جۆرە ترۆمبێلێكی سەربازی بوو لە ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات دروستدەكرا و پەیوەندیی بە خاتوو ئیڤاوە نەبوو، یەک قۆناغی زۆر قورس و ناخۆش و ناشیرینی لە عێراق و كوردستان بەناوەوەنرا و هەرچی تاوان و کوشتار و شەڕ و شۆڕ هەبوو، لە باركردن و ڕاگواستن و تاڵانی و ئەنفال، ئەم ئیڤایە تێیدا بەشداربوو.
ناوێكی زۆر دێزی ناشیرین، دەنگێكی ناقۆڵای بەرز، بۆنێكی گاز و دوكەڵی تێر و تیژ، ڕەنگێكی مەرگئامێز، چ لە بیاباندا یان لەسەر جادە و ڕێگەوبانەكان، ئامێرێکی کوشتنی ترسناك بوو، دوعا لە هەركەس بكرایە دەوترا: یاڕەبی بەژێر ئیڤاوە بیت.. قۆناغی سەرۆکایەتیی سەدام هەمووی نەھامەتی بوو، لەگەڵ لادانی بەكر و خۆبەسەرۆككردنی لە 1979ـوە تاوەكو 9ـی نیسانی 2003 ئەم وڵاتە بە بەردەوام لە شەڕ و جەنگدا بوو، لەسەر شیکاری دەروونی و شەڕانگێزی سەدام و ترسنۆكییەکەی، گۆشەیەكم لەسەر نووسی بەناوی (سەدامم چۆن بینی؟) بەڵام شتێكتان بۆ باسدەكەم، دڵنیابن ئێوەش وەک من شۆک دەبن: ژمارەیەک كۆمێنت لەسەر سەدام نووسرابوون، بیركردنەوەی منیان گۆڕی، بە بێ شەرم بە شان و باڵی سەدام و جنێودان بە من و بە كورد و بە مێژووی كورد لام سەیربوو، نایشارمەوە زۆر خەمم بەو حاڵەتە خوارد و ویستم بزانم ئەمە چییە كوردێك ئەو دیكتاتۆرەی پێ شۆڕشگێر بێت!!؟؟ هەر لە مەسەنجەرەكانیانەوە ئەوەی ئەكاونتەكەی فەل و فەیک نەبوو پەیوەندیم پێوە كردن، وەک توێژینەوەیەكی سایكۆسیاسی قسەم لەگەڵ ئەم خەڵکانە کرد، کۆمێنتچییەکان یەكێکیان نەبێت ئەوانی تر ھیچیان لە قۆناغی ئیڤا و سەدامدا نەژیابوون، مەلای مزگەوتی تێدابوو جنێوی بۆ من نووسیبوو، خەڵكی لەدایكبووی 2000 و ساڵی 1998، خەڵكی دەمپیس و نەخۆشی دەروونی و چەندین نموونەی شێواوی ناخ، بەڕاستی نزیكەی 10 نموونەی ناو كۆمەڵگەی كوردیم لای خۆم تۆماركرد كە داماڵراون لە بیر، پڕن لە تۆڵەكردنەوە و دژەباوی، چونكە بەو نیازەی بوونی خۆیان بسەلمێنن جنێو بە خەڵک دەدەن و بەرگری لە سەدام و جوانکاریی قەباحەتی بۆ دەکەن، وەک ئەو منداڵەی بە میزەکەی دەریا پیسدەکات، بەڵام کە خەبەری دەبێتەوە دۆشەکەکەی خوساندووە!! پێتان سەیر نەبێت كە خەڵكیان تێدابوو دەیوت سەدام حسێن ئازابوو بۆیە خۆشم دەوێت، نەیدەزانی هەرچی سایکۆلۆجست و كۆمەڵناس و سیاسەتمەداری ئەم سەرزەوییە هەن، دەڵێن ترسنۆكترین پیاوی سیاسەت لە مێژوودا ناوی سەدام بوو..
پوختەی گۆشەی ئەمجارە لەم دوو خاڵەدا بۆ خوێنەرەکانم و بەكاربەرانی سۆشیال میدیا دادەنێم:
یەكەم/ میدیای كوردی نەیتوانیوە ڕاستییەكانی ژیانی دیكتاتۆر و خوێنمژەكان وەک خۆی بە خەڵک بڵێت، سەدام نموونەیەکی ڕەشە كە ئێستاش كوردێک بە سەركردە و ئازای تێبگات.
دووەم/ ئەم خەڵكانە نازانن كە یاسای ڕیشەكێشكردنی بەعس و یاسای سزادانی عێراق و یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكانی هەرێمی كوردستان سزای هەر كۆمێنتنووسێک دەدەن كە ماکیاج بۆ بەعس و دیكتاتۆر و ڕژێمی پێشوو بکات.
بۆیە ئەگەر سزای ئەو خەڵکانە بدرێت، ڕەنگە گلەیی لە یاساكان بكەن، بەڵام (یاسا ڕەحم بە گێلەکان ناكات).
بۆیە باشترین سزای یاسایی بۆ ئەم کەسانە ئەوەیە، تەنیا مانگێک بیانگەڕێنینەوە بۆ سەردەمی ئیڤا. دەڵێت، ژمارەیەک كۆمێنت لەسەر سەدام نووسرابوون، بیركردنەوەی منیان گۆڕی، بە بێ شەرم بە شان و باڵیان هەڵدەدا.
کاروان ئەنوەر: کۆمێنتنووسین لەسەر سەدام، بیرکردنەوەمیان گۆڕی
سکرتێری لقی سلێمانیی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان لە وتارێکدا باس لەوەدەکات، چەند کەسێک بێئەوەی شەرم لە مێژووی خراپی سەدام حسێن بکەن، ژمارەیەک كۆمێنتیان لەسەر نووسیبوو، بیركردنەوەی منیان گۆڕی، چونکە ئەوان بە بێ شەرم بە شان و باڵیان هەڵدەدا
No Comment! Be the first one.