چاویارنیوز _ ڤەنکۆڤەر وەک یەکێک لە شارە میواندارەکانی کەنەدا بۆ مۆندیالی 2026، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا جارێکی دیکە بووە جێگەی سەرنجی میدیا وەرزشییە نێودەوڵەتییەکان؛ بڕیارە شارەکە بەشێک لە گەورەترین چالاکیی تۆپی پێی جیهان لە کەشێکی تەواو جیاواز و فرە کولتوریدا میوانداری بکات و ئەوا ئێستا خەریکە خۆی ئامادە دەکات.
ڤەنکۆڤەر وەک یەکێک لە دوو شاری میوانداری کەنەدا، خۆی ئامادە دەکات بۆ پێشوازیکردن لە ملیۆنانی هاندەری تۆپی پێ لە سەرانسەری جیهانەوە. ئەم شارە دەکەوێتە ڕۆژئاوای کەنەدا و تەنیشت زەریای هێمن، ئەو شارە بە سروشتی شاخاوی و کەنار دەریا و تەلارسازی مۆدێرن و گەڕەکی فرە کولتوری ناسراوە و ئەم تایبەتمەندیانە وایکردووە ببێتە یەکێک لە شوێنە تایبەتەکان بۆ مۆندیالی داهاتوو.
مۆندیالی 2026 تەنها بۆنەیەکی وەرزشی نییە بۆ ڤەنکۆڤەر، بەڵکو دەرفەتێکە بۆ ئەوەی ناسنامەی شارستانی و کولتووری خۆی بۆ جیهان پیشان بدات. شارەکە هەمیشە وەک یەکێک لە هێماکانی فرەچەشنی کولتووری لە ئەمریکای باکوور ناسراوە بەهۆی پێکهاتەی دیمۆگرافیای هەمەچەشنی و هەروەها بوونی زۆرێک لە کۆمەڵگە جۆراوجۆرەکانی کۆچبەران و ئەمەش لە کاتی پاڵەوانێتییەکەدا دیار دەبێت.
یاریگای سەرەکی شارەکە بەناوی “بی سی پلەیس” میوانداری حەوت یاری مۆندیال دەکات. یاریگاکە کە پێشتر میوانداری چالاکییە وەرزشییە گەورەکانی نێودەوڵەتیی کردووە، ئێستا ئامادەکاری دەکات بۆ پێشوازیکردن لە یەکێک لە گەورەترین قەرەباڵغییەکانی مێژووی خۆی. کاتێک پاڵەوانێتییەکە دەستپێدەکات، پێشبینی دەکرێت ناوچەی دەوروبەری یاریگاکە و ناوەندی شاری ڤەنکۆڤەر ببێتە یەکێک لە شوێنە پڕهاتو چوەکانی تۆپی پێ جیهان..
بوونی مۆندیالی ٢٠٢٦ لە ڤانکۆڤەر دەتوانێت کاریگەرییەکی بەرچاو لەسەر ئابووری ناوخۆیی و پیشەسازی گەشتیاری و وێنەی نێودەوڵەتی شارەکەدا هەبێت. ژێرخانی گواستنەوە و هۆتێل و ناوەندە خزمەتگوزارییەکان ئامادە دەکرێن بۆ پێشوازیکردن لە شەپۆلی گەورەی هەواداران، هەروەها حکومەتی ناوخۆیی پلانی تایبەتی بۆ بەڕێوەبردنی ئەم بۆنە گەورەیە داناوە.
هەروەها میدیاکان ئاماژەیان بە شوێنی جوگرافیای ناوازەی ڤەنکۆڤەر کردووە؛ شارەکە لە لایەکەوە بەستراوەتەوە بە شاخەکانەوە و لە لایەکی دیکەوە بە دەریاوە، ئەمەش پێکهاتەیەکی ناوازەیە کە وایکردووە ببێتە یەکێک لە جوانترین شارەکان بۆ میوانداریکردنی مۆندیال. ئەم تایبەتمەندیانە وایکردووە زۆرێک لە شرۆڤەکاران ڤەنکۆڤەر نەک تەنها وەک میوانداری وەرزشی، بەڵکو وەک شوێنێکی گەشتیاری جیهانی لە کاتی پێشبڕکێکەدا وەسف بکەن.
No Comment! Be the first one.