چاویارنیوز _ هەڵبژاردەی عێراق لە سەروبەندی دەستپێکردنی مۆندیالی 2026دا ڕووبەڕووی هەواڵێکی تاڵ بووەوە.
ئەحمەد یەحیا، یاریزانی کاریگەریی یانەی عێراقی، بەهۆی پێکانی سەختی ماسولکەکانی ناتوانێت لە مۆندیالدا بەشداری بکات و لە لیستی کۆتایی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی کشایەوە. یەکەتیی تۆپی پێی عێراق لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ڕایگەیاند، ئەو پشکنینە پزیشکیانەی کە لەسەر ئەو یاریزانە ئەنجام دراون، دڕانی ماسولکەکانی پشتڕاست دەکەنەوە. بەگوێرەی ئەو تیمە پزیشکییە، پرۆسەی چارەسەرکردن و گەڕانەوە بۆ یاریگا بۆ یەحیا نزیکەی چوار هەفتەی دەوێت، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ناتوانێت لە مۆندیالدا یاوەری عێراق بکات.
دوای ئەوەی دۆخی یاریزانە ناوەڕاستەکە دیاریکرا، گراهام ئارنۆڵد، سەرۆکی ڕاهێنەری هەڵبژاردەی عێراق بڕیاریدا ئەحمەد مەکێنزی وەک جێگرەوەی بۆ لیستی کۆتایی زیاد بکات. ئەو یاریزانە بە فەرمی جێگەی یەحیای گرتەوە و ڕێگەی پێدراوە بۆ یاریکردن لە مۆندیالدا. ئامادەنەبوونی ئەحمەد یەحیا دەتوانێت کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر پلانە تەکنیکییەکانی عێراق هەبێت. ئەو یاریزانە ناوەراستە لە ساڵانی ڕابردوودا یاریزانێکی سەرەکی هێڵی ناوەڕاستی هەڵبژاردەی نیشتمانی بووە و ڕۆڵی گەورەی هەبووە لە گەیشتنی مێژوویی عێراق بۆ مۆندیال.
عێراق دوای 40 ساڵ دوورکەوتنەوە، جارێکی دیکە یاریکردن لە گەورەترین پاڵەوانێتی تۆپی پێی جیهاندا ئەزموون دەکات. هەڵبژاردەی عێراق لە یەکەم یاریدا ڕووبەڕووی نەرویج دەبێتەوە، پاشان ڕووبەڕووی فەرەنسا و دواتریش ڕووبەڕووی سەنیگال دەبێنتەوە.
بە لەبەرچاوگرتنی ئامادەبوونی فەرەنسا و نەرویج و سەنیگال لەم کۆمەڵەدا زۆرێک لە شارەزایان بە یەکێک لە سەختترین گروپەکانی مۆندیالی 2026ی دەزانن؛ بابەتێک کە نەبوونی یەکێک لە گرنگترین یاریزانە ناوەڕاستەکانی عێراق دەکاتە تەحەدایەکی جددی بۆ گراهام ئارنۆڵد و یاریزانەکانی دیکەی تیپەکە لە ڕێگای کێبڕکێیەکەدا.
No Comment! Be the first one.