چاویارنیوز _ هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئەمەریکا لە مۆندیالی 2026دا بە سەرکەوتنێکی بەرزەوە دەستی بە کارەکانی خۆی کرد؛ یارییەک کە پێش دەستپێکی، دۆناڵد ترەمپ ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ستافی تەکنیکی هەڵبژاردەی نیشتمانییەوە کردبوو بۆ ئەوەی هیوای سەرکەوتن بۆ یاریزانەکانی مائوریسیۆ پۆچێتینۆ بخوازێت.
هەڵبژاردەی ئەمەریکا سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە یەکەم یاریدا لە مۆندیالی 2026دا بەرامبەر پاراگوێ یاریگاکەی گرتە دەست و توانی بە ئەنجامی یەکلاکەرەوەی 4-1 لە ڕکابەرەکەی بباتەوە. ئەمریکییەکان کە لە ژێر فشاری چاوەڕوانییەکانی هاندەرانداندا بوون وەک یەکێک لە میواندارەکانی ئەم پێشبڕکێیە، سەرەتایەکی ئومێدبەخشیان ئەزموون کرد و لە یەکەم یاریدا سێ خاڵی بەنرخیان بەدەستهێنا. لە سەروبەندی ئەم یارییەدا ڕووداوێکی سەرنجڕاکێش لە کەمپی ئەمریکا ڕوویدا. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە میانەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ستافی ڕاهێنەرایەتی تیپەکە و ماوریسیۆ پۆچێتینۆ، پشتیوانی خۆی بۆ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی دەربڕی و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن لە هەڵمەتی مۆندیالدا. ترەمپ ستایشی ڕاهێنەرە ئەرجەنتینیەکەی کرد و ڕایگەیاند: “تۆ پیاوێکی گەورەی، ئێمە بە باشی ئاگاداری ژمارەی پێوانەیی و دەستکەوتەکانتین، هەروەها کوالێتی بەرزی یاریزانانی هەڵبژاردەی ئەمریکا دەزانم و پێموایە بەختی زۆر باشمان هەیە بۆ گەیشتن بە قۆناغەکانی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە، هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم”.
پەیامە پشتگیرانەکەی ترەمپ لە کاتێکدا بوو کە هەڵبژاردەی ئەمریکا ڕووبەڕووی فشارێکی زۆر بووەتەوە لەبەر میوانداریکردنی مۆندیال، یاریزانان و ستافی ڕاهێنەرایەتی هەستیان بەو گوشارە زۆرە کرد، بەڵام یاریزانانی پۆچیتینۆ توانیان فشارەکان بکەنە پاڵنەر و ئاستێکی بەهێزیان بەرامبەر پاراگوێ پێشکەش کرد و یەکەم هەنگاوی پاڵەوانێتییەکە مسۆگەر بکەن. لە ڕۆژانی پێش یارییەکەدا، قسە و باسێک هەبوو کە ترەمپ لە یاریگاکەدا ئامادە دەبێت بۆ بینینی یەکەم یاری ئەمریکا، بەڵام لە کۆتاییدا سەرۆکی ئەمریکا بەهۆی کار و پابەندبوونەکانی لە کۆشکی سپی، لە یاریگادا ئامادە نەبوو.
ئەمریکا بەم سەرکەوتنە، هیوادارە سوود لە ئیمتیازاتی میوانداریکردنی پاڵەوانێتییەکە و پشتیوانی هاندەرانی وەربگرێت و ببێتە یەکێک لە سوپرایزەکانی مۆندیالی 2026.
No Comment! Be the first one.