چاویارنیوز _ یەکێتی تۆپی پێی هۆڵەندا لەگەڵ ڕۆبێرتۆ مارتینێز دەستی بە دانوستان کرد بۆ هەڵبژاردنی ڕاهێنەری نوێی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی.
ڕۆژنامەی تێلێگراف بڵاویکردەوە، یەکێتی تۆپی پێی وڵاتەکە پەیوەندی بە ڕۆبێرتۆ مارتینێز ڕاهێنەری پێشووی هەڵبژاردەکانی بەلجیکا و پورتوگالەوە کردووە و دانوستانێکی جددیش کراوە بۆ ئەوەی ئەگەری هەبوونی ڕاهێنەری ئیسپانی لەسەر کورسی هۆڵەندا بپشکنرێت.
لە ئێستادا مارتینێز هیچ تیپێکی نییە، ئەمەش کارەکانی بۆ یەکێتی تۆپی پێی هۆڵەندا ئاسانتر کردووە. ڕاهێنەرە ئیسپانییەکە دوای مۆندیالی 2026 دەستی لە ڕاهێنەرایەتی هەڵبژاردەی پورتوگال کێشایەوە و گرێبەستەکەی لەگەڵ یەکێتی تۆپی پێی ئەو وڵاتەش کۆتایی پێهێنا. دواجار کۆتایی هاتنی هاوکارییەکانی لەگەڵ پورتوگال پشتڕاستکردەوە دوای دۆڕانی پورتوگال بە ئەنجامی 1-0 لە ئیسپانیا لە قۆناغی یەک هەشتمی کۆتایی مۆندیالدا.
ئێستا مارتینێز بە یەکێک لە بژاردە جددیەکان دادەنرێت بۆ یەکێتی تۆپی پێی هۆڵەندا بۆ دەستپێکردنی سەردەمی نوێی هەڵبژاردەی نیشتمانی و دانوستانەکانی نێوان لایەنەکان چووەتە قۆناغێکی جددیەوە.
هەڵبژاردەی هۆڵەندا دوای مۆندیالی 2026 بەدوای ڕاهێنەری سەرەکی نوێدا دەگەڕێت، فیدراسیۆنی وڵاتەکەش بیر لە بژاردەی جۆراوجۆر دەکاتەوە بۆ ئەوەی جێگەی ڕۆناڵد کومان بگرێتەوە. لەم نێوەندەدا بڕیاری دانوستان لەگەڵ ڕاهێنەرێکی بیانی ئەوە دەردەخات کە فیدراسیۆنی هۆڵەندیش بەدوای بژاردەیەکدا دەگەڕێت لە دەرەوەی چوارچێوەی ئاسایی ڕاهێنەرە ناوخۆییەکان.
مارتینێز ئەزموونێکی بەرچاوی لە گۆڕەپانی نیشتمانیدا هەیە. پێش ئەوەی پەیوەندی بە پورتوگالەوە بکات، ساڵانێکی زۆر سەرکردایەتی هەڵبژاردەی بەلجیکای کردووە و لە مۆندیالی ٢٠١٨ی ڕووسیادا، هەڵبژاردەکەی گەیاندووەتە پلەی سێیەم. هەروەها توانی لەگەڵ پورتوگال نازناوی خولی نەتەوەکانی ئەوروپا بەدەستبهێنێت.
No Comment! Be the first one.