چاویارنیوز _ رۆژنامەی “ئەلئەخبار”ی لوبنانی، لەراپۆرتێکدا بەپشتبەستن بە سەرچاوەیەکی حکومەتی لوبنان، ئاشکرایکردوە کە تورکیا ئامادەیی دەربڕیوە بۆ پێشکەشکردنی هاوکاریی سەربازیی و چەکی پێشکەوتوو بە سوپای لوبنان، لەگەڵ خواستی بەشداریپێکردنی لە دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ پرسی داماڵینی چەکی حیزبوڵڵا.
بەپێی سەرچاوەکە، پەیوەندییە سیاسییەکان لە نێوان لایەنە رەسمییەکانی لوبنان و ئەنقەرە بەردەوامن، بەڵام سەرۆکایەتیی کۆماری لوبنان بە سەرۆکایەتیی جۆزێف عۆن بەشداریی لەم پەیوەندییانەدا ناکات. ئەنقەرە چەندین جار بە بەیروتی راگەیاندووە کە ئامادەیە پشتگیریی سەربازیی بباتە پێشەوە و رەخنەشی لە شێوازی مامەڵەکردنی لوبنان لەگەڵ دۆسێی داماڵینی چەکی حیزبوڵڵادا گرتووە.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردوە کە ئەم جوڵەیەی تورکیا هەوڵێکە بۆ بەهێزکردنی هەژمونی خۆی لە لوبنان و رۆژهەڵاتی دەریای سپیی ناوەڕاستدا، نەک وەک جێگرەوەیەکی راستەوخۆ بۆ رۆڵی ئەمریکا. هەروەها تورکیا داوای کشانەوەی تەواوەتیی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان دەکات.
لە لایەکیترەوە، ئەنقەرە هەوڵ دەدات پەیوەندییەکانی نێوان حیزبوڵڵا و حکومەتی نوێی سوریا بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع سەرپێ بخاتەوە، بەتایبەت دوای ئەو ئاڵۆزییانەی لەگەڵ کەوتنی رژێمی بەشار ئەسەددا دروست بوون.
ئەوەش هاتووە: تورکیا لەسەر ئەو بڕوایەیە کە “ئاسایشی سوریا بەشێکە لە ئاسایشی لوبنان، و ئاسایشی تورکیاش لە ئاسایشی سوریایە”، بەمەش دەیەوێت رێگریی لە هەر رووبەڕووبوونەوەیەکی نوێ بگرێت.
لە راپۆرتەکەی رۆژنامە لوبنانییەکەدا هاتووە کە داواکارییەکانی تورکیا تەنها پشتگیریی سەربازی نییە، بەڵکو بەشدارییە لە رێکخستنە سیاسی و ئاسایشییەکانی ناوچەکە، لە هەمان کاتدا، بەرپرسانی تورکیا رەخنەیان لە لێکنزیکبوونەوەی ستراتیژیی جۆزێف عۆن لەگەڵ قوبرس و یۆنان گرتووە.
ئەنقەرە پێیوایە بەرژەوەندیی راستەوخۆی لە رۆژهەڵاتی دەریای سپیی ناوەڕاستدا هەیە و رێگە نادات هاوسەنگییەکان بە شێوازێک بگۆڕدرێن کە هەژموونی کەم بکەنەوە یان لوبنان بخەنە ناو میحوەرێک لەگەڵ ئیسرائیل، یۆنان و قوبرس.
No Comment! Be the first one.