چاویارنیوز _ لێدوانەکانی ئەم دواییەی کیلیان ئمباپێ سەبارەت بە کێبڕکێی خەڵاتی تۆپی ئاڵتونی ئێستا بووەتە یەکێک لە بابەتە گەرمەکانی تۆپی پێی فەرەنسا و بەگوێرەی هەواڵە بڵاوکراوەکان تەنانەت کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی ناو هەڵبژاردەی وڵاتەکەش هەبووە.
سەرچاوە نزیکەکانی هەڵبژاردەی فەرەنسا بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە دەورووبەرییکانی عوسمان دێمبلێ لەڕادەبەدەر ناڕازین لە لێدوانەکانی کاپتنی فەرەنسی و هەندێک ئەو لێدوانانەیان بەشێوەیەک لە خیانەت زانیوە.
چیرۆکەکە لەگەڵ چاوپێکەوتنەکەی ئمباپێ لەگەڵ فرانس فوتبۆڵ دەستی پێکرد؛ کە ئەستێرەی ڕیاڵ مەدرید باسی لە بەختی بردنەوەی خەڵاتی تۆپی ئاڵتونی کرد و بە ئاماژەدان بە دەستکەوتە تاکەکەسییەکانی، جەختی لەوە کردەوە کە وەرزی ڕابردوو ئاستێکی زۆر بەرزی پێشکەش کردووە.
هەروەها کیلیان ئمباپێ بە متمانەوە باسی لە شوێنی خۆی لە تۆپی پێی جیهانیدا کرد؛ ئەو لێدوانانە، کاریگەرییەکی زۆری هەبوو لەسەر کەشوهەوای کێبڕکێ لەگەڵ دێمبلێ و کاندیدەکانی دیکە بۆ بردنەوەی خەڵاتی باڵۆن دۆر.
کاردانەوەی دێمبلی خێرا بوو. ئەستێرەی پاریس سانجێرمان له قسەکانیدا دووپاتی کردەوە که هیچ کاتێک خۆی به هه ڵبژێردراو نازانێت و ساڵانێکی زۆر ماندوو بووه تا بگاته پێگەی ئێستای. ئەم قسانە لە میدیای فەرەنسی و ئیسپانیا وەک وەڵامێکی ڕاستەوخۆ بۆ ئمباپێ لێکدرایەوە.
ئێستا هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە ناکۆکییەکە تەنها لە کێبڕکێی تاکەکەسی بۆ خەڵاتی باڵۆن دۆر سنووردار نییە و ڕەنگە کاریگەری لەسەر کەشوهەوای ژووری جلگۆڕینی فەرەنسیش هەبێت. تەنانەت بانگەشەی ئەوە کراوە کە دوو گرووپ لە هەڵبژاردەی نیشتمانیدا پێکهێنراون؛ هەرچەندە وردەکارییەکانی ئەم ئیدیعایانە هێشتا بە شێوەیەکی سەربەخۆ پشتڕاست نەکراونەتەوە.
ئەوەی جێگای سەرنجە چەند مانگێک لەمەوبەر لە سەروبەندی مۆندیالدا دێمبلێ بەرگری لە ئمباپێ کرد لە بەرامبەر ڕەخنەکاندا. بەڵام ئێستا کێبڕکێ بۆ وەرگرتنی گرنگترین خەڵاتی تاکەکەسی لە تۆپی پێدا، پەیوەندی نێوان ئەو دوو ئەستێرە فەرەنسییەی بەرەو ئاستێکی جیاواز بردووە.
لە ئێستادا هیچ نیشانەیەکی ململانێی فەرمی یان دابەشبوونی یەکلاکەرەوە لە هەڵبژاردەی نیشتمانیدا نییە، بەڵام درێژەدان بەم کارە دەتوانێت ببێتە تەحەدایەکی جددی بۆ زەیدان، ڕاهێنەری نوێی فەرەنسا؛ بەتایبەت ئەگەر ڕکابەری نێوان ئمباپێ و دێمبلی و پاڵێوراوانی تری تۆپی زێڕین بەردەوام بێت.
No Comment! Be the first one.