چاویارنیوز _ مۆنتێلا دوای دۆڕانی هەڵبژاردەی تورکیا بەرانبەر بە ئیتاڵیا بە ئەنجامی 3-1 لە خولی نەتەوەکانی ئەوروپا، سەرەڕای نائومێدی لە ئەنجامەکە، ستایشی ئاستی تاکتیکی و گیانی یاریزانەکانی کرد و ڕایگەیاند کە تورکیا لەم یارییەدا و بە گشتی لەم وەرزەدا بە ئاستێکی یەکسان لەگەڵ ڕکابەرە بەهێزەکانی ڕکابەری کردووە.
مۆنتێلا سەبارەت بە ئاستی تورکیا بەرامبەر ئیتاڵیا وتی: پێموایە لەڕووی تەکتیکیەوە یارییەکی زۆر باشمان ئەنجامدا، یارییەکی یەکسان بوو و تەنانەت ڕەنگە لەکاتی یارییەکەدا کەمێک زیاتر لە ئیتاڵیا پێشکەوتوو بووین، ئەنجامەکە ئەوەی ئێمە ویستمان نەبوو، بەڵام ئامانجی دیاریکراومان پاڵەوانێتی ئەوروپایە و ئەم ئەزموونە بەکاردەهێنین بۆ باشترکردنی خۆمان.
ڕاهێنەری هەڵبژاردەی تورکیا سەبارەت بە ئامادەنەبوونی چەند یاریزانێکی گرنگی تورکیا وتی: یاریزانگەلێکمان هەبوو کە دەتوانن جیاوازی دروست بکەن لە هەر تیپێکدا و هەستمان بە نەبوونی ئەوان کرد، لەگەڵ ئەوەشدا سوپاسی یاریزانەکانم دەکەم، هەندێکجار کاتێک باسی ئاستی کێبڕکێیەکە دەکەم، هەست دەکەم لە قسەکانم بە هەڵە تێگەیشتوون، کاتێک دەڵێم ئێمە ڕاهاتووین لەسەر ئەم ئاستە یاری نەکەین، مەبەستم ئەوەیە پێویستە ئەزموونی زیاتر لەم جۆرە پێشبڕکێیانە بەدەستبهێنین.
مۆنتێلا وەڵامی ستایشی ڕۆبێرتۆ مانچینی دایەوە و وتی: مانچینی هەمیشە نمونەیەک بووە بۆ من، دڵخۆشم دەکات ستایشی من دەکات هیوادارم شایانی بم.
ناوبراو سەبارەت بە داهاتووی هەڵبژاردەی تورکیا وتی: پێویستە بەردەوام بین لە پێشکەوتن و دانانی ئاستێک کە دەریدەخات دەتوانین لەم ئاستانەدا ڕکابەری بکەین، ئەمەش بە ئەزموون دەکرێت من زۆر هیوادارم بە داهاتووی هەڵبژاردەکە.
No Comment! Be the first one.