چاویارنیوز – لە درێژەی هەڵوێستە توند و بێپەردەکانی بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان بەرامبەر بە هەڵسوکەوتی گرووپ و تاقمە چەکدارەکانی کوردی ئێران، وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هێرشێکی توندی کردە سەر چالاکییە سەربازی و نمایشە بێماناکانی ئەو لایەنانە و ڕایگەیاند کە جووڵەکانیان لە کاتی ئاڵۆزییەکاندا زیانی گەورەی لە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان و خودی هەرێم داوە.
دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی ڕوون و ئاشکرادا پەردەی لەسەر هەڵسوکەوتە نائاساییەکانی ئەو حیزبانە هەڵدایەوە و وتی: «هەندێک لە هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کاتی شەڕ و قەیرانە گەورەکانی ئێراندا، لەبری هەڵسەنگاندنی دروستی بارودۆخەکە، سەرقاڵی نمایشی سەربازی بوون؛ نمایشێک کە تەنها و تەنها لە زیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و قەوارەی هەرێمی کوردستان تەواو بوو.»
درێژەی زنجیرە هۆشدارییەکانی نێچیرڤان بارزانی لە «دیداری میری»
ئەم لێدوانە ڕەخنەئامێزەی وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێم لە کاتێکدایە کە چەند ڕۆژ پێش ئێستاش نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە میانی «دیداری میری» لە هەولێر بە توندترین شێوە و بە شێوازێکی بێپێچوپەنا هۆشداری دابووە هێزە چەکدارەکانی ڕۆژهەڵات و ڕایگەیاندبوو کە ڕێگە نادەن خاکی هەرێمی کوردستان ببێتە پەناگە و بارەگای هێرش و هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ، بەتایبەت کۆماری ئیسلامیی ئێران.
چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن کە بێدەنگی و داماویی ئەم گرووپە چەکدارانە لە بەرامبەر قسەکانی نێچیرڤان بارزانی و هەوڵدانیان بۆ پاساوهێنانەوە لە ڕێگەی نامە و پەیامی ناوخۆیی بۆ ئەندامەکانیان، دەرخەری داڕمانی باوەڕبەخۆبوون و ڕاستیی ئەو پەراوێزخستنەیە کە تێی کەوتوون.
سەرکێشی بە چارەنووسی خەڵک لە پێناوی کەمپەین و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
ڕەخنەگرانی سیاسی جەخت لەوە دەکەنەوە کە تاقمە چەکدارەکانی ڕۆژهەڵات لەبری خەباتی مەدەنی و تێگەیشتن لە ئاڵوگۆڕە ئاڵۆزەکانی ناوچەکە، خەریکی «نمایشی سەربازیی بۆش و پروپاگەندەی میدیایی» بوون؛ کردارێک کە نەک هیچ پێگەیەکی لە گۆڕەپانی واقیعی پێ نەبەخشین، بەڵکوو بووە هۆی هێنانەئارای فشارێکی توندی ئەمنی لەسەر خەڵکی سیڤیلی ناوخۆ و خستنەمەترسیی ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و دانیشتووانەکەی لە ناوچە سنوورییەکان.
دڵشاد شەهاب هەروەها دووپاتی کردەوە کە لە سایەی ئەم دۆخە و ئەو ڕەفتارانەدا، ئێستا بە هیچ جۆرێک بارودۆخ لەبار نییە بۆ دانوستان لە نێوان ئەو هێزانە و تاراندا.
ناچاربوون بە ملکەچبوون بۆ ڕێککەوتنی ئەمنی
ئەم پەیامە فەرمییانەی سەرۆکایەتیی هەرێم ئەوە ڕوون دەکەنەوە کە حیزبە چەکدارەکان گەیشتوونەتە بنبەستێکی ستراتیژی؛ بەجۆرێک کە پابەندبوونیان بە جێبەجێکردنی «ڕێککەوتننامەی ئەمنیی نێوان بەغدا و تاران» نە لە ڕووی ئارەزوومەندانە، بەڵکوو بەهۆی ناچاری و لەدەستدانی تەواوی کارتەکانی فشاریان بووە.
ئەم هەڵوێستە توندانەی دەسەڵاتدارانی هەرێم، پەیامێکی حاشاهەڵنەگرە بۆ سەرکردایەتیی ئەم حیزبانە کە کۆتایی بە یاریپێکردنی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کورد و قۆستنەوەی خاکی هەرێم بۆ نمایشی چەکداری و بەرژەوەندیی تەسک بهێنن، بەر لەوەی کۆدەنگییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بە تەواوی خەڵتانی پەراوێزیان بکات.
No Comment! Be the first one.