چاویارنیوز _ دوای ئەوەی دوێنێ کەریم شنگالی وەزیری پێشووی ناوخۆی حکومەتی هەرێم کۆچی دوایی کرد، هاووڵاتیان و نووسەران و سیاسییەکان بۆچوونی جیاوازیان هەیە لەبارەیەوە.
چیا هاوار نووسەر لەباشووری کوردستان لە وتارێکدا ڕایگەیاند:
کەریم سنجاری ئەو کەسەیە کە لەکۆتایی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو بەرپرسی دەزگای پاراستن بوو و تێکڕای زیندانە شاراوە و نایاساییەکانی پارتی لەژێر دەسەڵاتی ئەودا بوون، زیندانەکانی (ژێرزەمینی پاراستن لە مەسیف، ئاسایشی مەسیف، شەقڵاوە، ئاسایشی گشتی – هەولێر، ئاسایشی هەولێر، زیندانی لقی ٤ی سلێمانی لەهەولێر، زیندانی لقی ١١ی پارتی لەهەولێر، زیندانی پاراستن لە شەقڵاوە، زیندانی پاراستن لە سۆران، زیندانی ئاکرێ، زیندانی دهۆک، زیندانی زاخۆ و زیندانی سەرسەنگ) بێگومانم کە زیندانی تریش بوونی هەبوو.
وتیشی: من یەکێک بووم لەو کەسانەی رۆژی ١٩٩٧/٧/١٨ لە وڵاتی تورکیا دیپۆرت کرامەوەو لەلایەن پاراستنی پارتییەوە دەستگیر کرام و جگە لە زیندانی سەرسەنگ و شەقڵاوە تێکڕای ئەو زیندانەنەی ترم بینی بێ ئەوەی دادگایەک یاخود دادوەرێک ببینم.
ڕاشیگەیاند: بەدرێژایی ١٤ مانگ، هەر لە رۆژی دەستگیرکردنم تا رۆژی ئازادبوونم لەژێر ئەشکەنجەیەکی کەم وێنە دابووم و ئەوەی لە زیندانەکانی بەعس بەخەڵک نەکرابێت لە زیندانەکانی پاراستن بە فەرمانی راستەوخۆی کەریم سنجاری ئەوەی خوا پێی ناخۆشە بەرامبەر من و هەزاران زیندانی تری بێتاوان کردیان.
باسی لەوەشکرد: لە زیندانی پاراستن لە مەسیف صڵاحەدین، بە چاودێری خودی کەریم سنجاری ٢٩ شەو لەژێر ئەشکەنجە و ژووری تاکەکەسیدابووم، لێرە نایەمە سەر تێکڕای بەسەرهاتەکان چونکە پێشتر لە دووتوێی کتێبێک بەناوی (ئازادبوون لەدەریا، نوقومبوون لەزیندان) تێکڕای بەسەرهاتی زیندانە تاریکەکانی پارتی و کەریم سنجاریم بڵاو کردۆتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە: ماوەتەوە بڵێم لەبەرامبەر ئەو هەموو غەدرە و لە هەمبەر ئەو هەموو پێشێلکارییەی کەریم سنجاری جەلاد بەرامبەر مرۆڤایەتی کردی، زۆر زوو مرد و گیانی لەدەستدا، ئەزانم ساڵانێکە بەدەم ئازاری شێرپەنجەوە ئەناڵێنێت، ئەوەش نزای ئەو هەزاران دایکە جگەر سوتاوانەیە کە بەفەرمانی ئەو سەدان کەس بێ سەروشوێن و ئەشکەنجە و کەم ئەندام کران، نزای ئەو هەموو زیندانییە بێتاوانانەبوو وای لە کەریم کرد کەشەو و ڕۆژ ئەشکەنجە ئەدران و هەڵدەواسران.
دەڵێت : خودا حەقی کەس بەسەر کەسەوە ناهێڵێ بەڵام خۆزگە چەند ساڵێکی تریش کەریم سنجاری بەدەم ئازارەوە ژیابا و هێندەی تر رەزیل ئەبوو، خوای گەورە ئەفەرموێ(وَمَا ظَلَمُونَا وَلَـكِن كَانُوا أَنفُسَهُمْ يَظْلِمُونَ) بەڵێ ئەوان زوڵمیان لەخۆیانکرد نەمردین تا بینیمان چیان بەسەرهات.
باسی ئەشکەنجەکانی لەژێر چاودێری کەریم سنجاری دەکات؛
بەداخەوەم کەریم سنجاری زۆر زوو مرد!
بەدرێژایی ١٤ مانگ، هەر لە رۆژی دەستگیرکردنم تا رۆژی ئازادبوونم لەژێر ئەشکەنجەیەکی کەم وێنە دابووم.

No Comment! Be the first one.