چاویارنیوز ـــ یوڤێنتوس لەگەڵ مانچستەر یونایتد گەیشتووەتە ڕێکەوتنێک سەبارەت بە کڕینی سانچویا و نزیکە لەوەی بە فەرمی پەیوەندی بە یانەی تۆرینۆ بکات.
جادۆن سانچۆ دوای دوو وەرزی یاریکردنی قەرزی لەگەڵ بروسیا دۆرتمۆند و چێڵسی ئێستا نزیکە لە جێهێشتنی مانچستەر یونایتد و پەیوەندی بە یوڤێنتۆسەوە دەکات. تۆڕی تەلەفزیۆنی ئیتالی میدیاسێت بڵاویکردەوە کە یوڤێنتوس لەگەڵ یانەی مانچستەر یونایتد گەیشتووەتە ڕێکەوتنێک بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ سانچۆی تەمەن 25 ساڵ بە بڕی 15 ملیۆن یۆرۆ. بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتە یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی ئینگلیزی بۆندێکی چوار ساڵەی لەگەڵ یوڤێنتوس واژۆ کردووە و ساڵانە پێنج ملیۆن پاوەند لەیانەکە وەردەگرێت.
سانچۆ نەیتوانیوە پێشبینیەکان لە مانچێستەر یونایتد بەدیبهێنێت لەوەتەی لە هاوینی 2021 پەیوەندی بە تیپەکەیەوە کردووە بە گرێبەستێکی 73 ملیۆن پاوەندی لە بروسیا دۆرتمۆند. ئەنجامە خراپەکەی وای لە مانچستەر یونایتد کرد لە نیوەی دووەمی وەرزی 2023-2024 بە قەرز بیگەڕێنێتەوە دۆرتمۆند. چێڵسی دەیتوانی گرێبەستەکەی سانچۆ بکات بە هەمیشەیی لە کۆتایی وەرزی رابردوودا بە پێدانی 25 ملیۆن پاوەند، بەڵام ئەو کارەیان نەکرد و 5 ملیۆن پاوەندیان دا بە مانچستەر یونایتد و خۆیان لە پابەندبوون بە کڕینی مانچستەر یونایتد ڕزگاریان کرد. لە وەرزی ڕابردوودا، سانچۆ لە 41 یاریدا 5 گۆڵ و 10 ئاسیستی بۆ چێڵسی تۆمارکرد و یارمەتی تیپەکەی دا بۆ بەدەستهێنانی نازناوی خولی کۆنفرانسی ئەورووپا.
No Comment! Be the first one.