چاویارنیوز _ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان و یەكلاكردنەوەی داهاتی ناوخۆیی نانەوتی، وەك دوو لەمپەر لەبەردەم ڕێككەوتنی كۆتایی بۆ پرسی مووچە و بوودجە ماونەتەوە، ئەمڕۆ هەناردەكردنەوەی نەوت بڕیاری كۆتایی لەبارەیەوە دراوە و ڕێككەوتنەكە لەنێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و سامانە سروشتییەكانی هەرێم و كۆمپانیاكانی نەوت واژۆ كرا، هاوكات داهاتە نانەوتییەكان لەلایەن ئەنجوومەنی دەوڵەتەوە، بە 17 لاپەڕە ڕای یاسایی لەسەر دراوە.
بەرپرسێکی باڵا لە حکومەتی عێراق بە میدیاکانی وتووە، کارنامەی کۆبونەوەی سبەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق گەیشتوەتە دەستمان و هیچ بابەتێکی تایبەت بە هەرێمی کوردستانی تێدانییە، بەڵام پاشکۆ (ملحق) ماوە و جارێ دەرنەچووە، چاوەڕێی ئەنجامی رێککەوتنی سێ قۆڵی نەوت دەکرێت.
بەپێی زانیارییەکان، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی کوردستان گەیشتووەتە 240 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا. لەم بڕەدا، هەرێمی کوردستان 50 هەزار بەرمیلی بۆ پێداویستی ناوخۆیی دەهێڵێتەوە و بڕی ماوە ڕەوانەی بەغدا دەکات، بەشێك لە قەرزی پێشووی كۆمپانیاكانیش هەر لەو بڕە نەوتە دەدرێتەوە كە ڕادەستی كۆمپانیای سۆمۆ دەكرێت.
سەرچاوەیەكی كوردی لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق وتویەتی، لە كارنامەی كۆبوونەوەی سبەینێی ئەنجوومەنی وەزیران هیچ پرسێكی تایبەت بە هەرێم و مووچە دانەنراوە، بەڵام هێشتا پاشكۆی كۆبوونەوەكە ڕانەگەیەنراوە، كە پێدەچێت ئەو پرسە بخرێتە پاشكۆی كۆبوونەوەكە.
وتوشیەتی، ئەگەر بڕیارە لە ڕێككەوتنی نەوت و ڕای ئەنجوومەنی دەوڵەت لەسەر پرسی داهاتی نانەوتی بدرێت، ئەوا بڕیار لە ناردنی مووچەی مانگی 7 و مووچەكانی دیكەی هەرێم دەدرێت.
كۆبوونەوەی سبەینێی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕاگەیەنرا
سبەینێ سێشەممە كۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئەنجام دەدرێت، بەڵام هیچ پرسێكی پەیوەست بە هەرێمی كوردستان لە كارنامەی كۆبوونەوەی سبەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا نییە، سەرچاوەیەكیش دەڵێت: پێدەچێت ڕێككەوتنی سێ قۆڵی نەوت و ڕاپۆرتی ئەنجوومەنی دەوڵەت بۆ داهاتی ناوخۆ بخرێتە كارنامەكەوە.

No Comment! Be the first one.