چاویارنیوز – لە ژێر سایەی دەسەڵاتی پارتیدا لە هەرێمی کوردستان، دەزگا میدیاییە زەبەلاح و سێبەرەکانی ئەو حزبە وا خۆیان پێشان دەدەن کە سەکۆی ئازادی و دەنگی بوێرن؛ وا دەردەکەوێت ڕێگە بە دەنگە سەربەخۆکان دەدەن بێنە سەر شاشەکانیان و ڕەخنە لە دەسەڵات بگرن. بەڵام ئایا کەسێکی عاقڵ هەیە بڕوا بەوە بکات بنەماڵە و دەسەڵاتێک ساڵانە دەیان ملیۆن دۆلار لە داهاتی نەوت و سامانی گشتی لەو میدیا بریقەدارە نەوتییانەدا خەرج بکات، تەنها بۆ ئەوەی خەڵک بێنە سەر شاشە و گەندەڵی و قۆرغکارییەکانی سەرانی دەسەڵات ئاشکرا بکەن؟!
ئەم شانۆگەرییەی میدیا تەنها بۆ سەرۆک و کارەکتەرە دەستەمۆکراوەکانی ئەو “ئۆپۆزسیۆنە ساختە”یە ڕاستە کە خۆیان بەرهەمیان هێناون؛ تەنها ئەو دەموچاوانە بۆیان هەیە بە سنوورداری و بەپێی سیناریۆی دیاریکراو لە شاشەی میدیاکانی پارتییەوە بدوێن بۆ ئەوەی وێنەیەکی ساختە لە “دیموکراسی و ئازادیی ڕادەربڕین” بە دنیا پێشان بدەن.
بەڵام لە ڕاستیدا کاتێک لە کەناڵەکانیانەوە بەرنامەی ڕەخنەیی پەخش دەکرێت و هانی خەڵک، مامۆستایان، ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان دەدرێت بێنە سەر شاشە و باسی نەهامەتییەکان بکەن، دەبێت باش بزانین ئەم کەناڵانە هیچی تر نین جگە لە **”داو و تەڵە”** بۆ ناسینەوە و ڕاوکردنی دەنگە ئازادیخواز و ڕاستەقینەکان. ئەوان بانگهێشتی ڕەخنەگرت دەکەن تا قەبارەی بوێری و هۆشیاریت بپێون؛ کەسایەتییەکی وەک “مامۆستا جیهان” تەنها یەکجار لە شاشەکانی ئەوانەوە ڕاستییەکانی درکاند و پەردەی لەسەر ستەمکاری هەڵدایەوە، بەڵام زۆری نەخایاند هەر لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی دەسەڵاتەوە کرایە ئامانج و تیرۆر کرا!
ئەم سیناریۆ خوێناوییە پێمان دەڵێت: دەزگا ئەمنییە سەرکوتکەرەکان **”ڕاوچین”** و دەزگا میدیاییە نەوتییەکانی پارتیش ڕۆڵی **”داو”** دەبینن تا ئازادیخوازانی پێ ڕاو بکەن. پرۆسەی تیرۆرکردنی مامۆستا جیهان و دەیان قوربانیی تری پێش ئەو، لە هاوکێشەیەکی ڕووندا کورت دەبێتەوە:
**میدیای نەوتی سووتەمەنییەکەی پێداکرد و دەزگا ئەمنییەکانیش ئاگرەکەیان تێبەردا!**
لە هەموو ئەم تاوان و تیرۆرە سیاسییانەدا، بێ گومان سەرکردایەتیی پارتی و خودی بارزانی تاوانباری یەکەمن. ئەوان سیستمێکی پۆلیسی و تۆقێنەریان بنیاد ناوە کە تێیدا باڵادەستیی میلیشیاکان خاڵی چەقە؛ دەزگا ئەمنی و دەزگا میدیاییە حزبییەکانیشیان دوو دیوی یەک دراون کە بە دەوری ئەو چەقە میلیشیاییەدا دەسووڕێنەوە. بەبێ “داوی میدیا”، ڕاوکردن و ناسینەوەی ئازادیخوازان بۆ دەزگا ئەمنییەکان هێندە ئاسان نەدەبوو.
ئەمڕۆ تیرۆرکردن، بێدەنگکردن، زیندانیکردنی بادینانییەکان و تۆقاندنی ئازادیخوازان بووەتە سەرەکیترین کۆڵەکەی مانەوەی دەسەڵاتی بنەماڵەیی؛ چونکە تەنها لە ڕێگەی سەرکوت و خنکاندنی دەنگی ئازادەوە دەتوانن بەردەوامی بە تاڵانکردنی نەوت، گەندەڵیی بێسنوور و خۆسەپێنیی بەرتەسکی حزبی بدەن.
نووسینی: میران ڕەحیم
داڕشتنەوە و پەرەپێدان
No Comment! Be the first one.