چاویارنیوز – ئەو قەڵا شوورەبەرزانەی لە بەغدا بە سامانی تاڵانکراوی گەل و لەسەر بنەمای زوڵم
بونیاد نرابوون، ئەمڕۆ یەک لەدوای یەک دەڕووخێن. دەنگدانەوەی کلیلی زیندانەکان لە
عێراق، تەنها دەنگێکی یاسایی نییە، بەڵکو زەنگی ئاگادارکردنەوەیە بۆ هەموو ئەوانەی
وایان دەزانی “پۆست” و “پشتگیریی سیاسی” دەبێتە قەڵغانێکی ئەبەدی لە بەرامبەر
دادپەروەریدا.
لە هەرێمی کوردستان، کە ساڵانێکە خەڵکەکەی لە نێوان بەرداشی قەیرانی دارایی و خەونی
برینداردا دەژین، چاوەکان تێبڕاونەتە ئەو ئاسۆیەی کە لێپرسینەوەی لێوە دێت. گەندەڵی
لە هەرێم تەنها دزینی پارە نەبوو، بەڵکو کوشتنی ئومێدی نەوەیەک بوو کە دەبینن
تاقمێکی کەم لەسەر حیسابی ئارەقەی نێوچەوانی ئەوان، بوونەتە خاوەنی سەرمایەی
خەیاڵی.
پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوە نییە کە ئایا نۆرەی گەندەڵکارانی هەرێم دێت یان نا، بەڵکو
پرسیارەکە “کەی”یە؟ چونکە مێژوو سەلماندوویەتی کە هیچ دەسەڵاتێکی سپێردراو بە
گەندەڵی تاهەتایە نامێنێتەوە. ئەو بایەی لە بەغداوە هەڵیکردووە، بێگومان سنوورە
دەستکردەکانی پارێزبەندی دەبڕێت و دەگاتە ناو حەوشەی هەموو ئەو بەرپرسانەی کە نانی
خەڵکیان کردووەتە قوربانی بەرژەوەندییەکانیان.
پەیامەکە ڕوونە: قەڵاکانی گەندەڵی هەرچەندە بەرز و قایم بن، لەبەردەم لافاوی
تووڕەیی گەل و تەرازووی ڕاستەقینەی یاسادا، وەک ماڵی جاڵجاڵۆکە وان. کاتژمێری
لێپرسینەوە کەوتووەتە گەڕ، و کەس لە سزای مێژوو ڕزگاری نابێت.
رێناس چۆمانی
No Comment! Be the first one.