چاویارنیوز – حکومەتی هەرێم هەوراز و نشێوی زۆری بینیوە. لە سەرەتای دروستبوونی، واتە لە سەرەتای نەوەدەکان، ئیدارەدانەکەی بە شێوەیەک بوو کە دەتوانین بڵێین کۆپیی ئیدارەی ڕژێمی ئەوکاتی بەغدا بوو. ئەمەش پەیوەندی بەوەوە هەبوو کە شارەزایانی ئیداریی ئەوکات، جیا لەو مۆدێلە، ئاشنایەتییان لەگەڵ هیچ مۆدێلێکی دیکە نەبوو.
دواتر، شەڕی ناوخۆ و دوو ئیدارەیی، چۆنایەتیی حوکمڕانی لە هەرێم خستە ژێر پرسیارێکی قورس. ئەویش ئەوە بوو: ئایا کورد دەتوانێت پارێزگاری لەو حوکمڕانییە بکات، بەردەوام بێت و خۆی بەڕێوە ببات؟
دوای ئەو قۆناغەش، و بە دیاریکراوی لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ و ڕووخانی ڕژێمی بەعس، کوردستان و عێراقیش ئەمجارە کەوتنە ناو بۆشاییەکی ئیداری و حوکمڕانی. سەرکردە سیاسییەکانی کورد کاراکتەری سەرەکیی پێکهێنانی عێراقی نوێ و نووسینەوەی دەستوری عێراق بوون.
بەپێچەوانەی ئەو بۆچوونانەی دەوترێن، ئەو کاراکتەربوونەی سەرکردەکانی کورد وای کرد باڵادەست بن و تا ڕادەیەکی زۆر خواستەکانی کورد لە دەستوردا جێگیر بکەن و دۆخێکی گونجاویش بۆ هەرێمی کوردستان بهێننە پێشەوە. ئەمە جگە لەوەی، لەو کاتەدا، ئەگەر بە ڕواڵەتیش بێت، هەردوو ئیدارەی هەرێم یەکیان گرتەوە.
دەرئەنجامی ئەو کاریگەرییەی سەرکردەکانی کورد وای کرد ئەو هەرێمەی کە چاوی لە بەرنامەی «نەوت بەرامبەر بە خۆراک» بوو، لەناکاو ملیارەها دۆلار بە ناوی بودجە بەسەردا بڕژێت.
ئەم قەیرانانەی ئێستا ڕوو دەدەن، هەروا شتێک نین لە خۆیانەوە دروست بووبن، بەڵکو بەشێکی زۆریان پەیوەستە بە خراپیی ئیدارەدانی ئەو کاتە؛ کە نەتوانرا بە شێوەیەکی ستراتیژی سەیری دۆخەکە بکرێت و بودجە بخرێتە خزمەت بنیاتنانی هەرێمێکی گەشەسەندوو.
دەتوانین بڵێین ساڵانی ٢٠٠٥ تا ٢٠١٤ قۆناغی سەرخۆشیی هەرێم بوو؛ چونکە بودجەیەکی زۆری لەبەردەست بوو، لە هەمان کاتیشدا خەرجییەکی زۆر و بێ بەرنامە دەکرا. هەر پارەیەک بۆ هەرێم دەهات، خەرج دەکرا. شتێک نەبوو بە ناوی پاشەکەوتکردن بۆ ڕۆژی تەنگانە. ئەوەی بە کردەیی دەبینرا، خەرجکردن تاکە ئامانج بوو؛ ئەمەش بۆ ئەوەی لە کۆتایی ساڵی ئیداریدا هیچ بڕە پارەیەک نەمێنێت و جێگە بۆ بودجەی ساڵی داهاتوو خۆش بکرێت.
لە کاتێکدا دەتوانرا، لەبری ئەو خەرجییە زۆرە، ئەو سەروەتە زەبەلاحە بۆ بنیاتنانی ژێرخان بەکار بێت، بەڵام زۆربەی بە هەدەر درا و دەرگایەکی گەورە بۆ گەندەڵی و ناڕێکیی ئیداری کرایەوە.
پارە بۆ هەموو شتێک خەرج دەکرا، تەنانەت بۆ پڕۆژەی وەهمی، و دەیان جۆری خەرجیی وەهمی داهێنرا کە لە هیچ ئەزموونێکی دنیادا وێنەی نەبوو. دەرئەنجامی ئەو هەڵە گەورانەی لەو کاتەدا کران، دەست بۆ سەروەتێکی دیکەی نیشتیمانی بردرا کە هی نەوەکانی داهاتووە؛ ئەویش بابەتی نەوت بوو. ئەمەش وای کرد لە ٢٠١٤دا بودجەی هەرێم ببڕدرێت.
بڕینی بودجەی هەرێم کارەساتێکی گەورەی ئابووری بۆ هەرێم هێنا. ئەمەش دەرئەنجامی خراپ ئیدارەدانی ئەو ساڵانە بوو کە بودجەیەکی زەبەلاح بۆ هەرێم دەهات؛ کەچی هەرێم بەرگەی چەند مانگێک بێمووچەیی نەگرت و مۆدێلی «چارەگە مووچە» و ئەو جۆرە شتانەی داهێنا. ئەوە جگە لەوەی، بەهۆی خراپیی ئیدارەدانی دۆسیەی نەوتیش، بە ملیارەها دۆلار قەرزدار بوو.
لە دوای ساڵی ٢٠١٩یشەوە، لە هەرێم دۆخێکی نوێ هاتە پێشەوە. زۆر قەیرانی سروشتی، تەندروستی، سیاسی، سەربازی و دارایی بەرۆکی هەرێمیان گرت؛ ئەمەش دووبارە زەمینەی کارکردنی بۆ کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم سەختتر کرد.
لەگەڵ هەموو ئەو کێشە و گرفتانەش، ئەگەرچی کارێکی درەنگوەختیش بوو، بەڵام هەندێک هەنگاوی ستراتیژی لە حکومەتی هەرێم بینرا. ئەمەش لە ڕێگەی گرنگیدان بە ژێرخانی هەندێک کایەی ژیانی شارستانی، وەک ئاو، بەنداو، ڕێگاوبان، کشتوکاڵ، کارەبا و بە ئەلیکترۆنیکردنی هەندێک خزمەتگوزاری.
هەنگاونانی ستراتیژی لە کاتە سەختەکان و کاتی بوونی کێشە و گرفت، بڕیاری بوێرانەی دەوێت. ئەمەش بەهۆی ئەوەی بوونی کێشە و گرفتە جۆراوجۆرەکان لە هەرێم جۆرێک لە نائومێدی دروست دەکات، بەڵام هەنگاوی ستراتیژی دەتوانێت جۆرێک لە ئومێد دروست بکات.
هەرێم دەبێت توانای هەبێت لە بەردەوامیدان بە هەنگاوە ستراتیژییەکان، دروستکردنی ئومێد، کۆتاییهێنان بە قەیرانەکان و ئاسانکردنی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان. هەموو ئەوانەش بەبێ سەقامگیریی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئاسایش نایەنەدی.
هێزە سیاسییەکان دەبێت ئەوە بزانن کە هەرێم لەبەردەم چەقبەستووییەکی سیاسییدایە و دەبێت کۆتایی بەو چەقبەستووییە بهێنرێت. دەسەڵاتدارانی هەرێمیش دەبێت بە کردەوە ئەو زەمینەسازییە بکەن؛ ئەمەش بۆ گەڕاندنەوەی متمانە لای هاوڵاتیان.
پێچەوانەکەشی ڕوونە؛ ئەگەر ئەو چەقبەستووییە بەردەوام بێت، ڕەنگە گۆڕانکارییە خێراکانی ناوچەکە هەرێمی کوردستان لە نێوان ئەو ئاڵۆزییانەدا بهاڕێت.
ڕاستەڕێکردنی حوکمڕانی لە هەرێم
لە پەراوێزی کێشە و گرفتەکانی هەرێم / ئیبراهیم عەلی
ئەم قەیرانانەی ئێستا ڕوو دەدەن، هەروا شتێک نین لە خۆیانەوە دروست بووبن، بەڵکو بەشێکی زۆریان پەیوەستە بە خراپیی ئیدارەدانی ئەو کاتە؛ کە نەتوانرا بە شێوەیەکی ستراتیژی سەیری دۆخەکە بکرێت و بودجە بخرێتە خزمەت بنیاتنانی هەرێمێکی گەشەسەندوو.
No Comment! Be the first one.