دوایین کۆنسێرتی هۆمایۆن شەجەریان لە گەشتە هونەریەکەیدا لە هەولێر بەڕێوە دەچێت
چاویار – هومایون شەجەریان، هونەرمەندی ناسراوی ئێرانی، وێستگەی داهاتووی گەشتە هونەرییەکەی هەرێمی کوردستانە و چوار کۆنسێرت لە هەولێر و سلێمانی سازدەکات، دوایین کۆنسێرتی لە هەولێر، دەبێتە 50یەمین کۆنسێرتی گەشتەکەی.
کۆمپانیای تار پڕۆدەکشن لە ئەڵمانیا رێکخەری گەشتە هونەرییەکەیە و بە رووداوی راگەیاند، لە چوارچێوەی گەشتە هونەرییەکەی هونەرمەند هومایون شەجەریان و ئەنوشیرەوان رووحانی، ئاوازدانەر و ژەنیاری پیانۆ، وێستگەی داهاتووی سلێمانییە و دواتریش هەولێر. دووەم کۆنسێرتی لە هەولێر، دەبێتە 50یەمین کۆنسێرتی لە چوارچێوەی گەشتە هونەرییەکەی ئەمساڵی.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە کۆنسێرتەکەدا چەند بەرهەمێکی تایبەت پێشکێش دەکرێن و تایبەت بەو گەشتە هونەرییە ئامادە کراون. گوتیشی، گەشتە هونەرییەکە پێشتر لە ئەمریکا و چەند وڵاتێکی ئاسیا ئەورووپا بەڕێوەچووە، بڕیارە دوای کۆنسێرتی هەولێر و سلێمانی، لە ئەورووپا درێژە بە کۆنسێرتەکان بدرێتەوە.
کۆمپانیاکە ئەوەشی خستەڕوو، هەرچەند گەشتە هونەرییەکانی هومایون شەجەریان پێشوازی بەرچاویان لێکراوە، بەڵام پێشوازی ئەمجارە لە کۆنسێرتەکانی زۆر زیاتر بووە. لە دوایین کۆنسێرتی لە ئۆپێرای دوبەی لە ئیمارات، پێشوازییەکی بەرچاو کراوە.
روونیشیکردەوە، گشت کۆنسێرتەکان لە رووی پێشکێشکردنی بەرهەم، دەنگ و رووناکییەوە بە یەک کوالیتی بەڕێوەدەچن.
رۆژی 31ـی ئایار و 1ـی حوزەیرانی 2025 کۆنسێرتی هومایون شەجەریان و ئەنوشیرەوان رووحانی لە هۆڵی تەلاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت، لە 6 و 7ـی حوزەیران، دوو کۆنسێرت لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە هەولێر بەڕێوەدەچن. تۆڕی میدیایی رووداو، سپۆنسەری میدیایی کۆنسێرتەکانە.
ناوەندەکانی فرۆشتنی بلیتی دوو کۆنسێرتەکەی سلێمانی، لە رێستۆرانتی لێجند لە ئەندازیاران، کافێ باربێرا لە بەختیاری و جان کافێ لە عەقاری. لە هەولێر لە رێستۆرانتی تەیستی لە دریم ستی و ئەمازۆن لە گوڵان مۆڵ دەست دەکەون. هەروەها بەشێوەی ئۆنلاین بلیتی کۆنسێرتەکان لە (TarTicket.com) بەردەستە.
No Comment! Be the first one.