چاویارنیوز – وەزارەتی دارایی عێراق لە بەرواری (2025/5/28) نوسراوی ئاڕاستەی حكومەتی هەرێم كردوە، بەوەی هیچ رەصیدێكمان لە بودجەی خەمڵێنراو نەماوە بۆیە ناتوانن بەردەوامبن لە ناردنی موچە، بەپێی ئەم نوسراوە بێت تاوەكو مانگی یەكی ساڵی (2026) هیچ بڕە پارەیەك بۆ هەرێم نانێرێت، نەبێتە دیفاع لە گەندەڵی و بەهەدەردان و ناشەفافی و فرۆشتنی داهاتی نەوت و نانەوتی، بڕیارەكەی وەزارەتی دارایی عێراق پێچەوانەی دەستوری هەمیشەیی عێراق و یاسای ئیدارەی مالی و یاسای بودجەو تەنانەت رێكەوتنی نێوان حكومەتی هەرێم و بەغدادە، کە لە مانگی (2025/2) رێكەوتن، زۆر رونە كێشەی موچە بۆتە پرسێكی سیاسی نێوان حكومەتی هەرێم و بەغداد بگرە بەشێكە لە كێشە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، بۆیە تێپەراندنی ئەم دۆخە جوڵەی سیاسی و دبلۆماسی و مەدەنی گەورەی دەوێت، لەگەڵ فشار و هەڵویستی نوێنەرانی كورد لە بەغداد سەرباری خۆئامادەكرد بۆ ئەو گۆڕانكارییانەی لەم ناوچەیە رودەدەن .
بەڵام زیاتر لە (15) رۆژ تێپەڕیوە بەسەر بڕیاری وەزارەتی دارایی عێراق تا ئێستا حكومەتی هەرێم جوڵە یاسایی وئیداریەكانی دەست پێنەكردوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكەی تەیف سامی، چونکە ئەم نوسراوە بۆتە بەڵگەیەكی رەسمی، یا دەبێت وەزیری دارای عێراق خۆی چاوپۆشی لێبكات، یا دەبێت سەرۆكی حكومەتی عێراق بڕیارێك بدات بە گۆرین بێت یاخود چاوپۆشی لە بڕیارەكە یاخود دۆزینەوەی دەرەچەی سولفە یاخود قەرز بۆ هەرێم، هەمو ئەمانە كاتێك ڕودەدەن عێراق رازیببێت بەیەكێك لەو ڕێگانە، دەنا پێویستە پەنا ببرێتە بەر دادگای فیدراڵی، بۆیە دەبو حكومەتی هەرێم پێش هەموان و فەرمانبەران داوایی یاسایی تۆمار بكەن، چونكە حكومەتی هەرێم لە روانگەی یاسایی باوكی میلەتە و لە پێشترە بۆ تۆماركردنی ئەو داوایە، چونكە فەرمانبەری هەرێم یەخەی ئەو دەگرێت، بۆیە ئێستاش درەنگ نیە و پێویستە ئەم رێگەیەش بگرنە بەر، زۆر باش دەزانین دادگای فیدراڵیش بەدەرنیە لە كێشە سیاسی و دۆخە سیاسیەكەی عێراق، چونکە بڕیاری پێشوەختەش بۆ ئەم بابەتی موچەیە بونی هەیە، ئێستا عێراق زۆر رێگەی لەبەردەستە بۆ ناچاركردنی حكومەتی هەرێم بە جێبەجێكردنی بریاری دادگای فیدراڵی، بەڵام ئەمانە ناكات دێت دەست دەبات بۆ شتێك و گلی دەداتەوەكە موچەی فەرمانبەران وخانەنشیانە، بۆیە وێنە راستەیەكە ئەوەیە بەغدادیش فریشتەیەك نیە چاوەرێی بكەین بۆ ژیانی شەكەت و ماندوی فەرمانبەران.
لەلایەکی ترەوە فەرمانبەرانی هەرێم بە ژمارە (104/فیدراڵی/2025) داوایەكیان تۆماركردوە، داوای فەرمان سالاری دەكەن بەوەی بڕیار بدرێت بە پابەندكردنی وەزیری دارایی تا یەكلابونەوەی كێشەكە، دادگاش لە پێشهاتێكی نوێدا لە (2020/1/6) بڵاوكراوەیەكیان راگەیاند لەزوترین كاتدا بڕیار لەسەر داواكاری فەرمان سالاری دەدات، بەڵام (15) رۆژ تێپەریوە تا ئێستا وەڵامیان نەبوە، واباس دەكرێت دوشەممە دەوامی فەرمیە لە عێراق بریارێك لەم دادگایەوە دەرچێت..
No Comment! Be the first one.