چاویارنیوز – لە کاتێکدا قەیرانی بێمووچەیی و گرانیی ژیان تەنگی بە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان هەڵچنیوە، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی لە ڕێگەی داهێنانی میکانیزمی نوێی باج و سەرانەوە بەردەوامە لە دەستبردن بۆ قووتی ڕۆژانەی خەڵک. لەم چوارچێوەیەدا، ئەبوبەکر هەڵەدنی، پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی کوردستان، ڕەخنەی توند لە سیاسەتە ئابووری و داراییەکانی ئەم کابینەیە دەگرێت و سیاسەتی «خەمڵاندنی کارەبا» وەک بەشێک لە پڕۆژەی برسیپێکردن و ڕووتاندنەوەی هاووڵاتیان وەسف دەکات.
هەڵەدنی ئاماژەی بەوە کردووە کە سیاسەتی «خەمڵاندن» هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ بڕیارە ستەمکارانەکانی پێشووی دەسەڵات نییە و جەخت دەکاتەوە: «خەمڵاندنیش وەک پاشەکەوت، لێبڕین و گونجاندن، ناوێکی تری ئەم دەسەڵاتەیە تەنیا بۆ ڕووتاندنەوەی گیرفانی هاووڵاتیان.» ناوبراو بە تەنز و ڕەخنەوە لە ناکارامەیی و بێباکیی حکومەت دەپرسێت: «لە کوێی دنیادا خانوو یان شوقەیەک چۆڵ بێت و یەک گڵۆپیشی هەڵنەکرابێت، کەچی مانگانە پارەی کارەبای بۆ بخەمڵێنرێت و باجی بەسەردا بسەپێنرێت؟»
ئەم پەرلەمانتارەی پێشوو جەختی کردەوە کە پێویستە هاووڵاتی تەنیا باجی ئەو بڕە کارەبایە بدات کە بەکاری هێناوە، نەک باجی تاڵانکاری و گەندەڵیی دەسەڵات لە ڕێگەی خەمڵاندنی زۆرەملێوە بدات. هەڵەدنی ئاماژەی بە بێدەنگیی شەقام بەرامبەر بڕیارە ستەمکارانەکانی کابینەکەی مەسرور بارزانی کرد و وتی: «ئەگەر ئەم دەسەڵاتە شکستخواردووە لە وڵاتێکی وەک فەرەنسا بووایە، لەمێژ بوو خوێندکاران و جەماوەر دەیانکرد بە پەندی زەمانە و کۆتاییان بەم سیاسەتە چەوسێنەرانەیە دەهێنا.»
No Comment! Be the first one.