چاویارنیوز – حاکم لەتیف شێخ مستەفا، سێ پێشنیاری بۆ مووچەخۆرانی هەرێم خستووەتەڕوو بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتییان بەشێوەی مەدەنی لەم جەژنەدا.
شێخ مستەفا لە پۆستێکدا مووچەخۆرانی هەرێمی بە “زوڵم لێکراو” ناوبردووە و گوتوویەتی: “بۆ ئەوەی ناڕەزایی خۆت بەشێوەیەکی مەدەنی بگەیەنیت بە هەموو لایەک سەبارەت بەو زوڵمەی لەلایەن ئەم دوو حکومەتەوە لێت دەکرێت.”
پێشنیارەکانی شێخ مستەفا بریتین لە:
یەکەم : جەژن نەکردن وەک ڕێکاری ناڕەزایەتی
دووەم : هەڵدانی ئاڵا یان پارچە پەڕۆیەکی ڕەش لەسەر ماڵەکان و سەیارەکان
سێیەم : داواکردنی دەرهێنانی مووچەی مووچەخۆران لەژێر دەستی هەردوو حکومەت و سەرپەرشتیکردنی لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و لیژنەیەکی بێلایەنەوە
شێخ مستەفا ڕوونیکردۆتەوە کە مەبەستی لە پێشنیاری سێیەم ئەوەیە کە “بەشە بودجەی هەرێم چی ئەوەی لە بەغداوە دێت و چیش ئەوەی کە داهاتی ناوخۆیە، لە پێشەوە مووچەی فەرمانبەرانی لێ بدرێتەوە.”
ئەو تەکیدی لەسەر ئەوە کردووە کە “ئەوەی دەمێنێتەوە ببێتە بابەتی کێشە لەنێوان ئەو دوو حکومەتەدا، نەک بودجە و مەسرەف و خەرجی خۆیان و پرۆژەکانیان و حزبەکان.”
شێخ مستەفا گوتوویەتی: “هەموو کەس دەزانێت بودجەی هەرێم (پشکی تەرخانکراو لە داهاتی فیدڕاڵی زائید داهاتی ناوخۆ) بەشی مووچەی تەواو دەکات و لێشی دەمێنێتەوە.”
ئەم پێشنیارانە لە کاتێکدا دێن کە مووچەخۆرانی هەرێم ماوەیەکە چاوەڕوانی وەرگرتنی مووچەکانیانن.
تا ئێستا هیچ کاردانەوەیەکی فەرمی لەلایەن دامەزراوە حکومییەکانەوە نەهاتووە بۆ ئەم پێشنیارانە.
No Comment! Be the first one.