چاویارنیوز ـ لە کاتێکدا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەوڵی تۆمەتبارکردنی سلێمانی و یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەبووە لە دۆسیەی ئەو چەکانەی کە لە لایەن ئەمریکاوە نێردراوە، بەڵام لێدوانە نوێیەکانی محەمەد هەورامی گێڕانەوەکەیان گۆڕیوە؛ گێڕانەوەیەک کە ئەمجارە سەرنج دەخاتە سەر هەولێر و ئەو دامەزراوانەی کە پارتی دیموکراتی کوردستان کۆنترۆڵی کردوون.
لەگەڵ نوێبوونەوەی مشتومڕ لەسەر چارەنووسی ئەو چەکانەی کە ئەمریکا ناردویەتی، جارێکی دیکە ئەم پرسە بۆتە یەکێک لە میحوەرە سەرەکییەکانی میدیا؛ بە تایبەتی دوای ئەوەی پرسیارەکەی ڕەحیم ڕەشیدی لە دۆناڵد ترەمپ ڕەهەندی نوێی بەم دۆسیەیە بەخشی.
هاوکات محەمەد هەورامی شرۆڤەکاری سیاسی لە لێدوانێکی بەرچاودا جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەو چەکانە نە لەبەردەستی یەکێتی نیشتمانی بوون و نە بۆ سلێمانی گواستراونەتەوە، بەڵکو هەر لە سەرەتاوە لە هەولێر و لە چوارچێوەی دامەزراوە فەرمییەکاندا هێڵدراونەتەوە. ئیدیعایەک کە ئەگەر ڕاست بێت، پرسیاری جددی بۆ ئەو دامەزراوانە دروست دەکات کە لە هەولێرن.
بەپێی ئەم گێڕانەوەیە، ئەو چەکانە لە کۆگاکانی شاری هەولێر هەڵگیراون و تا ئێستا دابەشنەکراون؛ پرسێک کە ناڕوونییەکی بەرچاو دەوروژێنێت:
بۆچی لە سەرەتاوە ئەم چەکانە بە شێوەیەکی شەفافانە بە خەڵک نەناسێندران؟
ئامانج لە هەڵگرتنی درێژخایەنیان چی بوو؟
وە ئایا ئەم کارە لەگەڵ سیاسەتی ڕاگەیەندراوی “بێلایەنی” هەرێمی کوردستان یەکدەگرێتەوە؟
لەبەرامبەردا وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەیاننامەیەکی فەرمی بڵاوکردەوە و ئەم ئیدیعایانە ڕەتدەکاتەوە و بە بێ بنەما ناوی بردووە. بەڵام ئەم لێدوانە ڕوونکردنەوەیەکی ڕوون سەبارەت بە شوێنی هەڵگرتن یان چارەنووسی ئەم چەکانە نادات و تەنیا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ باسی “شاردنەوەی هەندێک لایەن” دەکات؛ پرسێک کە ناڕوونییەکانی زیاتر کردووە.
خاڵی گرنگ لەم ڕووەوە گۆڕانی ئاراستەی تۆمەتەکانە. لە کاتێکدا پێشتر هەوڵی بەستنەوەی ئەم دۆسیەیە بە سلێمانییەوە هەبوو، ئێستا لە ژێر ڕۆشنایی ئەو لێدوانانەی کە دراون، جەخت لەوە دەکرێتەوە کە چەک لە سلێمانی نەبووە و ئەم هەرێمە و جموجۆڵەکانی پەیوەست بەوەوە هیچ ڕۆڵێکیان لەم ڕووداوەدا نەبووە.
لە ڕوانگەی چاودێرانەوە، بێدەنگی درێژخایەنی دامودەزگاکانی هەولێر و نەبوونی ڕوونکردنەوە لە کاتی خۆیدا، هۆکاربوون لە دروستبوونی ئەم کەشوهەوای ناڕوونییە. لەم جۆرە هەلومەرجەدا ئەو پرسیارە بەهێزتر دەبێت کە ئایا ئەم بابەتە بە ئەنقەست لە ڕای گشتی شاردراوەتەوە یان حیسابات و ڕەچاوکردنی سیاسی تایبەت لە پشت هەڵگرتنی ئەو چەکانە هەبووە؟
لەگەڵ بەردەوامبوونی ئەم دۆخە، دۆسیەی چەکی ئەمریکی لە پرسێکی تەنیا ئەمنییەوە گۆڕاوە بۆ تەحەدای سیاسیی ناو هەرێم. لە هەلومەرجێکدا کە سلێمانی و یەکێتی نیشتمانی لە بازنەی تۆمەتەکان دوورخراونەتەوە، ئێستا ڕای گشتی چاوەڕێی ئەوە دەکات هەولێر وەڵامی ئەم پرسیارە سەرەکییە بداتەوە:
بۆچی ئەم چەکانە هەڵگیراون و ئامانجەکانی پشت ئەم بڕیارە چین؟
No Comment! Be the first one.