چاویارنیوز _ جارێکی دیکە “خاڤێر تیباس” سەرۆکی لالیگا هێرشێکی توندی کردە سەر جیانی ئینفانتینۆ.
سەرۆکی لالیگا جەختی لەوە کردووەتەوە، کشانەوەی سەرۆکی فیفا لە پلانی فرۆشتنی 20 ملیار دۆلاری بۆ پشکەکانی پێشبڕکێیەکان، قەیرانی بەڕێوەبردنی ڕێکخراوەکە چارەسەر ناکات. ئەو پێی وایە کاتی گۆڕانکارییە لە لووتکەی فیفادا. تیباس لە وەڵامی وازهێنان لە پلانی تایبەتکردنی پێشبڕکێکانی فیفا نووسیویەتی؛
“ئەوەی کە فیفا لەم پێشنیازە کشاوەتەوە، هەواڵێکی خۆشە، بەڵام ئەگەر وابزانین بەم بڕیارەوە کێشەی حوکمڕانی فیفا چارەسەر بووە، هەڵەیەکی گەورەمان کردووە، نابێت کیشوەرەکان و فیدراسیۆنەکان و خولەکان و یاریزانان ئەم دۆسیەیە بە داخراوی بزانن، کێشەکە زۆر لەوە قووڵترە”.
پاشان سەرۆکی لالیگا لە سەردەمی سەرۆکایەتی ئینفانتینۆدا ڕەخنەی لە کۆمەڵێک بابەت گرت، لەوانە دەستوەردانی سیاسی لە دۆسیەی کارتی سووری فۆلارین بالۆگان، لێکۆڵینەوەکانی کۆنگرەی ئەمریکا، دۆسیە کۆنەکانی گەندەڵی، نرخی بلیتی مۆندیال و بڕیارە تاکلایەنەکان لەسەر ساڵنامەی فیفا و فۆرمی پاڵەوانێتییەکان. تیباس لە درێژەی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە کە کێشەی سەرەکی شێوازی بەڕێوەبردنی فیفایە، مۆدێلێک کە پێی وایە دەسەڵاتی زۆری بەخشیوەتە سەرۆک و میکانیزمی چاودێریکردنی لاواز کردووە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی تری تۆپی پێی، لە پرۆسەی بڕیاردان دوورخستووەتەوە. ناوبراو لە کۆتاییدا ڕاشکاوانەترین هەڵوێستی خۆی بەرامبەر ئینفانتینۆ گرتە بەر و وتی؛
“پێموایە جیانی ئینفانتینۆ نابێت وەک سەرۆکی فیفا بەردەوام بێت. تۆپی پێی جیهانی پێویستی بە نەوەیەکی نوێی بەڕێوەبردن هەیە؛ نەوەیەک کە متمانەی فیفا بگەڕێنێتەوە و بڕیاری گرنگ بدات لەڕێگەی گفتوگۆ و کۆدەنگی و بەشداریکردنی هەموو لایەنەی پەیوەندیدارەکان. وازهێنان لە پڕۆژەیەک ڕابردوو ناسڕێتەوە”
No Comment! Be the first one.