چایارنیوز _ لامین یامال، ئەستێرەی لاوی هەڵبژاردەی ئیسپانیا، پێش ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ فەرەنسا لە مۆندیالی 2026دا، بە دڵنیاییەوە باسی لە هێزی لارۆخا کرد و جەختی لەوە کردەوە کە هیچ هۆکارێک نییە بۆ ترس لە قوتابیانی دیدیە دیشان.
ئەم لێدوانانە درێژەپێدەری هەمان هەڵوێستە کە پێشتر دەریخستبوو؛ کە فەرەنسا لە ئیسپانیا بە باڵاتر نازانێت.
یامال لە وتارەکەیدا وتی: ئێمە لە فەرەنسا ناترسین؛ پێویستە ئەوان لە ئێمە بترسن، هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی بترسین کاتێک ئێمە لەوان بەهێزتر بین، لەبیرتان بێت ئێمە پێشتر لەناومان بردوون.
ناوبراو بە ئاماژەدان بە سەرکەوتنی ئیسپانیا بەرامبەر فەرەنسا لە قۆناغی پێش کۆتایی یۆرۆی ٢٠٢٤، جەختی لەوە کردەوە کە تیپەکەی چەندین جار توانای خۆی سەلماندووە بۆ شکستپێهێنانی ڕکابەرە گەورەکان.
ئەستێرەی تەمەن 18 ساڵی بارسێلۆنا هەروەها ئاماژەی بە شێوازی یاریکردنی ڕکابەرەکانی کرد و دەڵێت: هەموو تیپەکان بەشێوەی بەرگریکارانە، یاری بەرامبەر بە ئێمە دەکەن و ناوێرن یاری تۆپی پێی هێرشبەرانە بکەن، ئەمەش کاری ئێمە قورستر دەکات، چونکە دەبێت بەرامبەر ئەو تیپانە یاری بکەین کە تەنها بیر لە بەرگری دەکەنەوە.
ئەم قسانە ڕەنگدانەوەی شێوازی خاوەندارێتی و هێرشبەری ئیسپانیایە کە زۆرێک لە نەیارانی ناچار کردووە پاشەکشە بکەن. ئەم لێدوانەی یامال لە میدیاکانی ئەوروپادا ڕوماڵێکی بەرفراوانی لێکەوتەوە.
هەندێک ئەم قسانەیان بە نیشانەی متمانەی بەرزی ئەو ئەستێرە لاوە ئیسپانییە زانیوە و هەندێکی تریش پێیان وایە ئەم جۆرە لێدوانانە دەتوانن پاڵنەرێکی زیاتر بە یاریزانە فەرەنسییەکان ببەخشن. بەڵام خودی یامال چەندین جار نیشانی داوە کە لە یارییە گەورەکان و فشاری ڕکابەرە گرنگەکان ناترسێت و پێی وایە دەبێت ئیسپانیا بە عەقڵیەتی پاڵەوانێتیەوە بچێتە هەموو یارییەکەوە.
ئێستا ئیسپانیا و فەرەنسا جارێکی تر لە مۆندیالی ٢٠٢٦ ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە و ئەم یارییە تەنیا شەڕێکی تاکتیکی نابێت؛ بەڵکوو شەڕیکی سەرنجڕاکێشە لە نێوان “لامین یامال” و “کیلیان ئمباپێ”دا.
No Comment! Be the first one.