چاویارنیوز _ ڕافایل مارکێز، ئەفسانەی تۆپی پێی مەکسیک و کاپتنی پێشووی هەڵبژاردەی نیشتمانی، بە فەرمی وەک ڕاهێنەری نوێی یانەی ئێل تری ناسێندرا و شوێنی “خافیێر ئاگیرێ” گرتەوە.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی مەکسیک دوای چەند کاتژمێرێک لە کۆتایی هاتنی کارەکانی هەڵبژاردەکە لە مۆندیالی ٢٠٢٦دا، ئەو پۆستەی پشتڕاستکردەوە؛ بڕیارێک کە لە ڕاستیدا درێژەپێدەری پڕۆژەیەک بوو کە لە ساڵی ٢٠٢٤ەوە داڕێژرابوو بۆ ئەوەی هەڵبژاردەی نیشتمانی بۆ مۆندیالی ٢٠٣٠ئامادە بێت.
مارکێز کە لە کاتی مۆندیالدا وەک یاریدەدەری “خاڤیێر” کاری کردووە، ڕۆڵی سەرەکی بینی لە ئاستێکی ئومێدبەخشی مەکسیکدا. لە سەردەمی “ئاگیرێ”دا، مەکسیک توانی لە ماوەی نزیکەی چوار دەیەدا بۆ یەکەمجار لە قۆناغی کۆتایی مۆندیالدا تێپەڕێت و سەرەڕای ئەوەی لە قۆناغی یەک شانزدەیەمدا بە ئەنجامی ٣-٢ بە ئینگلتەرا دۆڕا، بەڵام ئاستی تیپەکە ستایشی زۆرێک لە شارەزایانی لێکەوتەوە.
خودی “خافیێر ئاگیرێ” لەکاتی ماڵئاواییکردندا مارکێزی بە شایستەتر لە هەموو کەسێک وەسف کرد کە سەرکردایەتی هەڵبژاردەی نیشتمانی بکات و داوای لە هاندەرانی کرد کە پشتگیری لە پڕۆژە نوێیەکەی بکەن. مارکێز بە یەکێک لە کەسایەتییە گەورەکانی مێژووی تۆپی پێی مەکسیک دادەنرێت. بە 148 یاری و پێنج یاری مۆندیال و ساڵانێک درەوشاوەیی لە بەرشەلۆنە و ئێستا بە یەکێک لە ناوازوترین یاریزانانی تۆپی پێ لە مێژووی وڵاتەکەدا دادەنرێت.
No Comment! Be the first one.