چاویارنیوز _ لیۆنێل مێسی دوای تۆمارکردنی یەکەم هاتریکی لە مۆندیالدا وەڵامی پرسیارەکانی ڕۆژنامەنووسانی دایەوە.
لیۆنێل مێسی لە یەکەم یاری ئەرجەنتین لە قۆناغی کۆمەڵەکانی مۆندیالی ٢٠٢٦، بەرامبەر جەزائیر هاتریکی تۆمارکرد و گەیشتە لووتکەی لیستی گۆڵکارانی مێژووی مۆندیال.
مێسی کە وەک یەکەم یاریزانی تۆپی پێ دادەنرێت کە لە ٦ مۆندیالدا یاری بکات، ئەوا ئێستا بە تۆمارکردنی ١٦ گۆڵ لە پێشەنگی گۆڵکارانی هەموو کاتەکانی مۆندیالدایە و شانبەشانی “میرۆسلاڤ کلۆزێ” وەستاوە.
یاریزانە سەرسوڕهێنەرە ئەرجەنتینییەکە دوای یارییەکە وتی: تیپەکەمان زۆر یەکگرتووە، هەست بە دڵخۆشییەکی زۆر دەکەم، بەختمان لەگەڵ یار بوو و ئەم یارییەمان بردەوە، قەرزاری ئەو هاندەرانەم کە بەم شێوەیە پاڵپشتیم دەکەن، جارێکی دیکە یاریگاکەیان پڕکردەوە، سەرکەوتنێکی بەنرخمان بەدەستهێنا بەرامبەر بە ڕکابەرێکی سەخت و ئەوەش جێگەی دڵخۆشییە. من لە بارێکی دەروونی باشمدام و بەڕاستی دڵخۆشم.
مێسی سەبارەت بە هۆکاری فرمێسکەکانی وتی: ڕۆژانێکی زۆر سەختم بەسەر برد و هەر بۆیەش کاریگەری دانا لەسەرم و گریام، سوپاسی هاوڕێکانم و ستافی ڕاهێنەرایەتی دەکەم، هەمیشە باشترینی خۆم پێشکەش دەکەم، فیلمی دیکۆمێنتاریی نادالم بینی و هەستم کرد کە فیلمەکە زۆر نزیکە لە ژیانم، هەمیشە لە یاریگادا باشترینی خۆم پیشان ئەدەم و هەر بۆیە هەست بە ڕازیبوون دەکەم و لەو ڕووەوە هاوشێوەی نادالم.
مێسی لە کاردانەوەی گەیشتن بە ژمارەی پێوانەیی “کلۆزێ” و تێپەڕاندنی “ڕۆناڵدۆ”، وتی: شانازییەکی گەورەیە کە ڕکابەریم لەگەڵ گەورەکانی تۆپی پێدایە، ڕۆناڵدۆ یەکێکە لە گەورەترین یاریزانەکان کە تا ئێستا بینیومە، ئەو یەکێکە لە باشترین یاریزانەکانی مێژوو، بەڵام ئەوەی ڕاستی بێ ئەمانە هەموویان جگە لە ئامار هیچی تر نیین.
مێسی لە کۆتاییدا دەڵێت: لە منداڵییەوە زۆر حەزم لە تۆپی پێ بووە و تەنها زۆر حەزم لە یاریکردنە، کاتێک باری جەستەییم باشە، ئەوا باشترینی خۆم پێشکەش دەکەم.
No Comment! Be the first one.