قەیرانی دارایی ئەلنەسر پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێ و سندوقی وەبەرهێنانی گشتی سعودیە کۆمەڵێک ڕێوشوێنی بەپەلەی خستۆتە بەرنامەی کارییەوە لە دژی یانەکە بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی ئەلریازییە، ئێستا ئەلنەسر لەژێر چاودێری دارایی تایبەتی خولی پڕوفشناڵی وڵاتدایە. بەم پێیە بەشێک لە دەسەڵاتە داراییەکانی بەڕێوەبەرانی یانەکە سنووردار بووە، کۆمپانیا سەربەخۆکانی دارایی و یاسایی و بازرگانیش بە زیادکردنی داهات و کەمکردنەوەی تێچوونەکان و داڕشتنی پلانێک بۆ دەرچوون لە قەیرانەکە، دۆخی یانەکە ڕێکبخەن. هەروەها سندوقی وەبەرهێنانی گشتی بیر لە دوو ئۆفەر دەکاتەوە بۆ کڕینی بەشێک لە پشکەکانی ئەلنەسر و پێی باشە خاوەندارێتی بەشێکی بچووک، بگوازێتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، تا ئەوکاتەی کە بەڕێوەبەرانی یانەی ئەلنەسر نەتوانن سەرچاوەی دارایی پێویست لە داهاتی یانەکە و گرێبەستی سپۆنسەری یانەکە دەستەبەر بکەن، ڕێگەیان پێنادرێت هیچ یاریزان و ڕاهێنەرێکی نوێ وەربگرن. بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، قەرزەکانی ئەلنەسر ٨٠٠ ملیۆن ڕیاڵی سعودی تێپەڕاندووە و زۆربەی ئەو قەرزانەش بەهۆی بڕیارە داراییەکانی وەرزی ڕابردووەوەیە. ئامانجی ڕێوشوێنەکانی ئەم دواییە ڕێگریکردنە لە زیادبوونی قەرزەکان و پاراستنی بەهای بازرگانی یانەکە و پابەندبوون بە بنەماکانی حوکمڕانی کۆمپانیاکانەوە.
No Comment! Be the first one.