چاویارنیوز _ پێشوازی سەرنجڕاکێشی هاندەران بۆ مۆندیالی 2026 یەکێک لە کۆنترین ڕیکۆردەکانی پاڵەوانێتییەکەی شکاند، ڕۆژی سێشەممەش وەک پڕبینەرترین ڕۆژی یارییەکان لە مێژووی مۆندیالدا تۆمارکرا.
بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتی ESPN، ئەو چوار یارییەی کە ڕۆژی سێشەممە بەڕێوەچوو، بە گشتی 281 هەزار و 223 بینەری بۆ یاریگاکان ڕاکشاندووە؛ ئامارێک کە ژمارەی پێوانەیی پێشووی تێپەڕاند کە 277 هەزار و 70 کەس بوو لە مۆندیالی 1994 لە ئەمریکا. ئەوەی جێگای سەرنجە، ژمارەی پێوانەیی پێشووش لە ڕۆژێکدا تۆمار کراوە کە چوار یاری لە یەک کاتدا لە خشتەی پێشبڕکێکاندا بەڕێوەچوون.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی فیفا کە بڵاویکردووەتەوە، یارییەکەی نێوان فەرەنسا و سەنیگال زۆرترین بەشداری لەم ژمارە پێوانەییە مێژووییەدا بووە، بە پێی ئامارەکان 80 هەزار و 545 بینەر لە نزیکەوە سەیری یارییەکەیان کردووە. هەروەها یارییەکەی ئەڕجەنتین و جەزائیر 69 هەزار و 45 کەس و یاری نەمسا و ئوردن 68 هەزار و 527 کەس و یاری عێراق و نەرویج به 63 هەزار و 106 بینەڕ زۆرترین هەژماری بینەر و هاندەری بووە، بەمەش کۆی ئامادەبوونی هاندەران لەم چوار یارییەدا گەشته ژمارەیەکی بێوێنه.
پێشبێنی دەکرێت ئەگەر پێشوازی هاندەران بەم ڕێژەیە بەردەوام بێت، ئەوا جامی جیهانی 2026 دەبێتە یەکێک لە خولە مێژووییەکانی پاڵەوانێتییەکە، نەک تەنها لە ڕووی تەکنیکی و ڕکابەرییەوە، بەڵکو لە ڕووی ژمارەی بینەریشەوە.
No Comment! Be the first one.