چاویارنیوز _ دوای بردنەوەی ئەرجەنتین بە ئەنجامی 2-1 لە ئینگلتەرا و سەرکەوتنی ئەرجەنتین بۆ یاری کۆتایی جامی جیهانی 2026، لیۆنێل مێسی سەرکەوتنەکەی بە زیاتر لە یارییەکی تۆپی پێ وەسف کرد و باسی لەو هەستە تایبەتە کرد کە پێش دەستپێکردنی یارییەکە لە تیپەکەدا هەبووە.
کاپتنی ئەرجەنتین کە ڕۆڵێکی سەرەکی بینی لە گەڕانەوەی تیپەکەی و سەرکەوتنی بۆ یاری کۆتایی بە تۆمارکردنی دوو ئەسیست، سەبارەت بە گرنگی یارییەکە وتی: هەرچەندە یارییەکە تەنها یارییەکی تۆپی پێ بوو، بەڵام لەو ساتەوەی سروودی نیشتمانی بڵاوکرایەوە، هەستمان کرد کە ئەم یارییە شتێکی تایبەتە، ئەمە تەنها سەرکەوتنێکی ئاسایی نەبوو، گەلی ئەرجەنتین بەڕاستی برسی بوو بۆ سەرکەوتنێکی لەو شێوەیە.
مێسی لە درێژەی قسەکانیدا سوپاسی هاندەرانی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی کرد بۆ پشتگیریکردنیان، ئاماژەی بە دووەم یاری لەسەریەکی ئەرجەنتین کرد لە یاری کۆتایی مۆندیالدا و وتی: ئەم مۆندیالە خەیاڵییە و گەیشتن بە یاری کۆتایی بەڕاستی سەرسوڕهێنەرە، بە گەلی ئەرجەنتین دەڵێم، وەک لە قەتەر گوتم؛ چێژ لەم ساتانە وەربگرن، ئەم تیپە هەرگیز بێهیواتان ناکات.
ئەرجەنتین بەم سەرکەوتنە بۆ جاری دووەم لەسەریەک گەیشتە یاری کۆتایی مۆندیال، ئێستاش کوڕەکانی لیۆنێل سکالۆنی لە یاری کۆتاییدا ڕووبەڕووی ئیسپانیا دەبنەوە، یارییەک کە دەکرێت هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دووەم مۆندیالی لەسەریەک بەدەستبهێنێت.
No Comment! Be the first one.