چاویارنیوز _ “مانوێل نۆیر” بۆ یەکەمجار بە ئاشکرا قسەی لەسەر کۆتایی ژیانی وەرزشی کرد و ئەگەری زۆری ماڵئاوایی کردنی لە تۆپی پێ، لە کۆتایی وەرزی ئێستادا ڕاگەیاند.
گۆڵپارێزە تەمەن ٤٠ ساڵەکەی بایرن میونشن کە ئێستا لەگەڵ تیپەکەی لە کەمپی مەشقەکانی تیگێرنسییە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی بیڵد دوای یەکەم مەشقەکانی پێش وەرز، داهاتووی خۆی ڕوونکردەوە. ئەو کە خۆی بۆ وەرزی بیست و یەکەمی خولی ئەڵمانی ئامادە دەکات، ڕایگەیاند کە ئەگەری وازهێنانی لە هەموو کاتێک زیاترە. نۆیر سەبارەت بەم بابەتە وتی؛ “هەرگیز بەو بیرکردنەوەیە ناچمە ناو یاریگا کە ئەمە دوا یاریم دەبێت، گرنگ نییە دوا یاریم بێت لە یاریگایەکی دیاریکراودا یان نا. بەڵام ئەمجارەیان ئەگەری زۆرە بەڕاستی بڕیار بدەم کۆتایی بە ژیانی وەرزشی خۆم بهێنم. لە هەر حاڵەتێکدا ئەوە ئەوەندە دوور نییە”.
کاپتنی بایرن میونشن کە پێنج جار نازناوی مۆندیالی بەدەستهێناوە، چەند مانگێک لەمەوبەر گرێبەستەکەی بۆ وەرزێکی دیکە درێژکردەوە. ڕوونی کردەوە کە بۆچی ئەو بڕیارەی داوە و وتی: لەو کاتەدا نزیکەی لەسەدا ٨٥ دڵنیا بووم کە خانەنشین دەبم، بەڵام بوون لێرە لەگەڵ ستافی ڕاهێنەرایەتی و بەڕێوەبەر بەڕاستی چێژبەخشە، هەمیشە لە هەموو پاڵەوانێتییەکاندا شەڕ بۆ نازناوەکە دەکەین، ئەوەش ١٥%ی دیکەی گۆڕی لە بەرژەوەندی بەردەوامبوون لە یاریکردندا.
هەروەها نۆیر جەختی لەوە کردەوە کە هێشتا پاڵنەرێکی زۆری هەیە بۆ یاریکردن و ئاماژەی بەوەشکرد: “بەردەوام لە یاریکردنم، چونکە تۆپی پێم خۆشدەوێت، چونکە هەست دەکەم هێشتا دەتوانم یارمەتی تیپەکە بدەم، جگە لەوەش پشتگیری خێزان و هاوڕێکانم پاڵنەرێکی گەورە بووە بۆ بەردەوامبوون”.
No Comment! Be the first one.