چاویارنیوز _ ئێرلینگ هالاند، دوای سەرکەوتنی مێژوویی نەرویج بۆ قۆناغی یەک هەشتمی مۆندیالی ٢٠٢٦، دڵخۆشی خۆی بە ئاستی تیپەکەی دەربڕی و دانی بەوەدانا کە زۆر قورس دەبێت لە بەرازیل ببەنەوە.
هەڵبژاردەی نەرویج بە بردنەوەی 2-1 بەسەر ساحل عاجدا سەرکەوت بۆ قۆناغی یەک هەشتمی مۆندیال و ئێستا ناچارە ڕۆژی یەکشەممە لە نیوجرسی بەرامبەر هەڵبژاردەی بەهێزی بەڕازیل یاری بکات. ئێرلینگ هالاند لەم یارییەدا گۆڵی تۆمارکرد و ژمارەی گۆڵەکانی لە مۆندیالدا گەیشتە 5 گۆڵ و یەکێک بوو لە یاریزانە سەرەکییەکانی تیپەکەی لەم سەرکەوتنە مێژووییەدا.
دوای یارییەکە، ئەستێرەی نەرویجی تەمەن ٢٥ ساڵ سەبارەت بە پێشکەوتنی تیپەکەی وتی؛ “ئەمە سەرگەرمییەکی گەورە بووە بۆ ئێمە و شانازییەکی گەورەیە کە لەم جۆرە ساتانەدا ئامادە بین، کاتێک تۆپەکە بەرەو گۆڵ دەڕۆیشت دوای ئەوەی لێمدا، تەنها دوعای تۆمارکردنی گۆڵم دەکرد و خۆشبەختانە ئەوە بوو کە ڕوویدا. هەستێکی زۆر نایاب و سەرنجڕاکێشە بینینی فرمێسکی هاندەران لە خۆشیدا و بینینی هەموو نەرویجییەکانی پشت ئەم تیپە. پێموایە ئەوەی کردوومانە دەتوانێت داهاتووی نەرویج بگۆڕێت”.
هالاند هەروەها بە شێوەیەکی واقیعی باسی لە یارییە چارەنووسسازەکەی بەرامبەر بەڕازیل کرد و وتی؛ “ئەگەر ڕاستگۆ بم، ئێمە بەختی ئەوتۆمان نییە، بەڵام کێ پێیوابوو دەگەینە ئەم خاڵە؟ یاریکردن بەرامبەر بەڕازیل ئەزموونێکی نایاب دەبێت، لێرە بەدواوە هەموو تیپەکان لە بەرزترین ئاستدان و هیچ یارییەک ئاسان نییە، زۆر قورسە بتوانین بگەینە قۆناغی داهاتوو و نازانم دەتوانین ئەم بەربەستە تێپەڕێنین یان نا، بەڵام ئێمە ئامادەین بۆ ئەم جۆرە پێشبڕکێیانە و لەگەڵیدا دەچینە ناو یاریگا”.
هێرشبەرە نەرویجییەکە لە کۆتاییدا ڕۆڵی هاندەرانی لە سەرکەوتنی تیپەکەیدا بە زۆر گرنگ وەسفکرد و ئاماژەی بەوەشکرد؛سروشتییە گەلی نەرویج دڵخۆش بێت بەم بابەتە، ئەم یەکگرتوویی و پاڵپشتییە کە لە نێوان یاریزانان و هاندەراندا دروست بووە، کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ئاستی ئێمە لە یاریگادا هەبووە و یەکێکە لە هۆکارە گرنگەکانی سەرکەوتنی تیپەکە.
No Comment! Be the first one.