چاویارنیوز _ “هێرڤێ ڕێنار” ڕاهێنەری تونس دوای شکستی قورسی هەڵبژاردەکەی بەرامبەر ژاپۆن و دڵنیایی دوورکەوتنەوەی تیپەکەی لە مۆندیالی ٢٠٢٦، ڕاشکاوانە باسی لە باڵادەستی یاریزانانی بەرامبەری کرد و دانی بەوەدانا کە ساموراییەکان لە هەموو لایەنەکانی یارییەکەدا ئاستێکی زۆر باشتر لە قوتابییانی خۆیان پێشکەش کردووە.
تونس کە بە هیوای قەرەبووکردنەوەی شکستەکەی بەرامبەر ژاپۆن هاتبووە نێو یاریگا، ئاستێکی نائومێدکەری پێشکەش کرد و دواجار لەلایەن نوێنەری ئاسیا بە چوار گۆڵ دۆڕا و دووهەمین شکستی لەسەریەکی ئەزموون کرد و پێش کۆتاییهاتنی قۆناغی کۆمەڵەکان لە ڕکابەرییەکان دوورخرایەوە. ڕێنار دوای یارییەکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا پیرۆزبایی لە هەڵبژاردەی ژاپۆن کرد و ڕایگەیاند؛ ئەم ئەنجامە بە ڕوونی جیاوازی ئاستی نێوان هەردوو یانە نیشان دەدات، ژاپۆن لەم یارییەدا ئاستێکی باشتری پێشکەش کرد و شایەنی بردنەوە بوو، پیرۆزبایی لێدەکەم.
ڕاهێنەری فەرەنسی تونس هەروەها ناڕەزایەتی خۆی لە ئاستی تیپەکەی دەربڕی و وتی؛ نەمانتوانی ئەو یارییە پیشان بدەین کە چاوەڕێمان دەکرد، هیوامان ئەوە بوو کاردانەوەی جیاوازمان هەبێت بەرامبەر یارییەکەی پێشوو و ئەنجامێکی باشتر بەدەستبهێنین، بەڵام بەداخەوە تووشی شکستێکی زۆر قورس بووین.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی تونس دوای ئەوەی لە هەفتەی یەکەمدا بە گۆڵێکی بەرز بە سوید دۆڕا، بڕیاریدا دەستەی ڕاهێنەرایەتی بگۆڕێت و “هێرڤێ ڕینار”ی بەکرێگرت بە ئامانجی دروستکردنی شۆکێکی ئەرێنی و زیادکردنی بەختی بەرزبوونەوە، بەڵام ئەم گۆڕانکارییەش نەیتوانی ڕەوتی دابەزینیهەڵبژاردەی تونس بوەستێنێت و تونس دوو شکستی لەسەریەک تۆمارکرد و بووە یەکێک لە یەکەم تیپەکان کە لە مۆندیالی ٢٠٢٦ دوورخرایەوە. ڕینار سەرەڕای شکستی ئەرکە کورتخایەنەکەی، داوای لە یاریزانەکانی کرد گیانیان بپارێزن و بە پاڵنەرێکی بەرزەوە بچنە یاری کۆتایی قۆناغی کۆمەڵەکان و لەمبارەیەوە وتی؛ بۆ یاریزانەکان جەختم لەوە کردەوە کە نابێت دەرچوون ببێتە هۆی ئەوەی پاڵنەریان لەدەست بدەن، هێشتا یەک یاری دیکەمان ماوە و هێشتا نوێنەرایەتی وڵاتەکەمان دەکەین لە مۆندیالدا.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد؛ دەبێت خۆمان بۆ یارییەکەی بەرامبەر هۆڵەندا ئامادە بکەین، دوای دوو شکستی لەسەریەک دۆخەکە ئاسان نییە و فشارێکی زۆر لەسەر تیپەکە هەیە، بەڵام دەبێت یاریزانەکان بەرپرسیار بن و بە هەموو هێز و پابەندبوونیانەوە لە دوایین یاریدا، یاری بکەن بۆ ئەوەی وێنەیەکی باشتر لە تۆپی پێی تونس بخەنە ڕوو.
No Comment! Be the first one.