چاویارنیوز _ فیل فۆدن ئەستێرەی یانەی مانچستەر سیتی و باشترین یاریزانی وەرزی 2023/2024ی پریمەرلیگ، ڕووبەڕووی ژمارەیەکی پێوانەیی نەرێنی و سەیر بووەتەوە.
بەپێی دوایین ئامارەکان، یاریزانە باڵە ئینگلیزەکەی تەمەن 26 ساڵ لە کۆتا 28 یاریدا لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان نەیتوانیوە گۆڵ تۆمار بکات.
فۆدن کە لە کۆتایی وەرزی2023/2024 نازناوی باشترین یاریزانی وەرزی پریمەرلیگی بەدەستهێنا و بە تۆمارکردنی 19 گۆڵ و 8 ئەسیست، ئێستا لە یەکێک لە تاریکترین قۆناغەکانی ژیانی وەرزشیدایە. دوایین جار کە توانی گۆڵ تۆمار بکات لە 14ی کانوونی دووەمی 2025دا بووە، بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی گۆڵ دۆتکۆم، فۆدن تا ئێستا نەیتوانیوە لە ساڵی 2026 دەروازەی ڕکابەرەکەی بکاتەوە.
لە سەرەتای ئەم ڕیکۆردە ڕەشەوە، فۆدن نەک هەر نەیتوانیوە گۆڵ تۆمار بکات، بەڵکو بەشداریکردنی لە سەرکەوتنی تیپەکەدا تەنها 1 ئەسیست بووە. ئەم دابەزینەی فۆدن بووەتە هۆی دابەزینی بەرچاوی کاتەکانی یاریکردنی. پیپ گواردیۆلا لە یارییە گەورەکاندا بۆ ماوەی 90 خولەک فۆدنی لەسەر کورسی یەدەگ داناوە، وەک یاری گەڕانەوەی قۆناغی 16ی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر ڕیال مەدرید.
لەوەش خراپتر، ئەم قەیرانەی فۆدن کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر بەختی سەرکەوتنی بۆ مۆندیالی 2026 هەبووە. لە مانگی نیسانی ڕابردوودا تۆماس توخێلی ڕاهێنەری ئینگلتەرا ڕەخنەی توندی لە ئاستی فۆدن گرت لە دوو یاری دۆستانەی ئەم دواییەدا و بە ڕوونی ئەوەی خستەڕوو کە گەرەنتی شوێنێکی مۆندیالی بۆ ناکرێت. ئێستا هاندەران نیگەرانن لەوەی فۆدن تووشی هەمان چارەنووسی جاک گریلیش بێت کە خرایە سەر کورسی یەدەگ و دواتر بەرەو ئیڤەرتۆن ڕۆیشت.
No Comment! Be the first one.