چاویارنیوز ـــ رادیۆ “مۆنتی کارلۆ”ی فەرەنسا ڕایگەیاند، “بێرناردۆ سیلڤا”، یاریزانە پورتوگالییە تەمەن 31 ساڵەکە، پەیوەندی بە یانەی بەرشەلۆنەوە کردووە بۆ ماوەی 2 ساڵ تا مانگی حوزەیرانی 2028 لەگەڵ بژاردەی درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی بۆ وەرزێکی دیکە.
گواستنەوەی ئەو یاریزانە وەکو یاریزانێکی ئازاد ئەنجام دەدرێت دوای کۆتایی هاتنی گرێبەستە 9 ساڵەکەی لەگەڵ مانچستەر سیتی.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، سیلڤا کە ساڵانە داهاتی نزیکەی 16 ملیۆن یۆرۆیی لە یانەی سیتی هەبوو، مووچەکەی لە 8 ملیۆن یۆرۆوە لە ساڵێکدا بۆ 4 ملیۆن یۆرۆ کەمکردووەتەوە، بۆ ئەوەی خەونی لەبەرکردنی درێسی بەرشەلۆنە بەدیبهێنێت.
ئەم کەمکردنەوەیە بە ڕێژەی 50 لە سەد خواستی نائاسایی یاریزانەکە نیشان دەدات بۆ ئەوەی لە نیوکەمپ بێت. هانسی فلیک بە شێوەیەکی شەخسیی ڕازی بوو بە گواستنەوەکە و سیلڤا بە یاریزانێکی سەرەکی لە پڕۆژەکەیدا دەزانێت.
خۆرخێ مێندێز بریکاری سیلڤا کە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ بەرشەلۆنە هەیە، ڕۆڵی سەرەکی بینی لە کۆتایی هێنان بە گرێبەستەکە.
هەرچەندە ئەتلەتیکۆ مەدرید و یۆڤانتۆسیش ئارەزووی گواستنەوەی سیلڤایان دەکرد، بەڵام حەزی کەسی یاریزانەکە، بەو پێیەی هاوسەرەکەی بەڕەچەڵەک خەڵکی کۆستا براڤایە لە ئیسپانیا و هەروەها قوربانییە داراییەکانیشی دانووستانەکانی لە بەرژەوەندی بەرشەلۆنەدا گۆڕی.
بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا و پێش مۆندیالی 2026 بێرناردۆ سیلڤا بە فەرمی لە یاریگای نیوکەمپدا نمایش بکرێت، ئەمەش دوای “ئەنتۆنی گۆردۆن” دەبێتە دووەم گەورەترین گرێبەستی بەرشەلۆنە لە هاوینەدا.
No Comment! Be the first one.