چاویارنیوز _ لە سەروبەندی بەردەوامبوونی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، عوسمان دێمبلێ باسی لە بارودۆخە جیاوازەکانی پاریس سانجێرمان کرد دوای سەرکەوتنە گەورەکانی تیپەکە و داوای لە یاریزانەکانی کرد بە ئەوپەڕی تەرکیزەوە بچنە نێو ڕکابەرییەکانەوە.
دێمبێلێ پێی وایە پاڵەوانێتی یەک لەدوای یەکەکانی چامپیۆنزلیگ وایکردووە پاریسییەکان چیتر تیپێکی ئاسایی لە ئەوروپا نەبن و ئێستا هەموو ڕکابەرەکان بە دوو پاڵنەرەوە ڕووبەڕوویان دەبنەوە.
ئەستێرە فەڕەنسییەکەی پاریس سانجێرمان دەڵێت: دەبێت یارییەکی قورس بکەین، دووجار لەسەریەک نازناوی چامپیۆنزلیگمان بەدەستهێناوە و ئێستا هەموو تیپەکان دەیانەوێت لە ئێمە ببەنەوە.
لە ساڵانی ڕابردوودا پاریس سانجێرمان لە پاڵێوراوێکی هەمیشەیی بۆ پاڵەوانێتییەکە گۆڕا بۆ تیپێک کە توانیویەتی بەرزترین شەڕەفەکانی یانەکانی ئەوروپا بەدەستبهێنێت. هەروەها دێمبلێ ڕۆڵی سەرەکی لەم پرۆسەیەدا گێڕاوە.
ناوبراو یەکێک بوو لە یاریزانە سەرەکییەکانی یەکەم پاڵەوانێتی ئەوروپایی تیپەکە لە ساڵی 2025 و لە ساڵی 2026دا لەگەڵ پاریسییەکان ئاهەنگی دووەمین پاڵەوانێتی ئەوروپای لەسەریەکی یانەکەی گێڕا.
ئەم دۆخە فشارەکانیشی زیاتر کردووە. تیپێک کە پاڵەوانێتی ئەوروپای بەدەستهێنابێت، چیتر ناتوانێت وەرزی دواتر بە کەم سەیرکردنی ڕکابەرەکانی بچێتە ناو یاریگاکە؛ چونکە بەرامبەرەکان بە پاڵنەرێکی زیاترەوە لە دژی ڕیز دەبن.
دێمبلێ کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا بووەتە یەکێک لە کەسایەتییە سەرەکییەکانی هێرشبەری پاریس سانجێرمان، باش دەزانێت کە پاراستنی پاڵەوانێتییەکە قورسترە لە بردنەوەکەی. پاریس سانجێرمان ئێستا نابێت تەنها بەرگری لە نازناوەکەی بکات، بەڵکو دەبێ بیسەلمێنێت کە سەرکەوتنەکانی ئەم دواییە بەڕێکەوت نەبوون.
No Comment! Be the first one.