چاویارنیوز _ پێدەچێت ئارەزووی مانچستەر سیتی بۆ گواستنەوەی ئینزۆ فێرناندێز یاریزانی ئەرجەنتینی چێڵسی پێی بچێتە قۆناغێکی نوێیەوە.
بەگوێرەی گاستۆن ئایدڵ، ئیتر بەرژەوەندی سیتی تەنها بابەتی پشکنینی مەرجەکان یان پرسیاری سەرەتایی نییە، یانە ئینگلیزییەکە ئێستا بەجدی بەدواداچوون بۆ دۆخی یاریزانەکە دەکات.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە داهاتووی هێڵی ناوەڕاستی یانەی مانچستەر سیتی ڕووبەڕووی گۆڕانکارییەکی بەرچاو دەبێتەوە. لە ڕاپۆرتەکانی ئەم دواییەدا ئاماژە بە ئینزۆ فێرناندێز کراوە وەک یەکێک لەو بژاردەکانی سیتی بیری لێدەکاتەوە بۆ بەهێزکردنی هێڵی ناوەڕاست و ناوی ئەویش بە پلانەکانی یانەکەوە بۆ سەردەمی دوای ڕۆدری بەستراوەتەوە.
فێرناندێز بووە یەکێک لە گرنگترین یاریزانەکانی هێڵی ناوەڕاستی یانەکە لە دوای گواستنەوەی گەورەی لە یانەی بەنفیکاوە بۆ چێڵسی لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٣، چێڵسی نزیکەی ١٠٦.٨ ملیۆن پاوەندی داوە بۆ ئەو یاریزانە و گرێبەستەکەی ئێستای تا ساڵی ٢٠٣١ بەردەوام دەبێت.
بە لەبەرچاوگرتنی گرێبەستە درێژخایەنەکەی فێرناندێز، پێدەچێت سیتی پارەیەکی زۆر بدات بۆ گواستنەوەی. هەواڵەکانی ئەم دواییە باس لەوە دەکەن کە چێڵسی داوای پارەیەکی بەرچاو دەکات ئەگەر بڕیاری فرۆشتنی ئەو یاریزانە بدات، تەنانەت هەندێک سەرچاوە باس لە بەهای ئەو یاریزانە دەکەن کە زیاتر لە 100 ملیۆن پاوەند دەبێت.
فێرناندێز دەتوانێت بژاردەیەکی سەرنجڕاکێش بێت بۆ سیستەمی ئەنزۆ مارسکا لە ڕووی شێوازی یاریکردنەوە؛ یاریزانێکی ناوەڕاست کە دەتوانێت بە قووڵی یاری بکات و تۆپ تێپەڕێنێت و پاسگاری بکات و بەشداری بکات لە هێرشەکاندا، هەروەها لە ساڵانی ڕابردوودا ئەزموونێکی دەوڵەمەندی لە بەرزترین ئاستەکانی تۆپی پێی ئەوروپا و هەڵبژاردەی ئەرجەنتیندا بەدەستهێناوە.
بەڵام لە ئێستادا هیچ ڕێککەوتنێک لە نێوان مانچستەر سیتی و چێڵسیدا نییە و تەنانەت ڕوون نییە کە ئایا سیتی ئۆفەرێکی فەرمی پێشکەش دەکات یان نا.
No Comment! Be the first one.