چاویارنیوز – ئاستە نایابەکەی مەنسووریان دوای پەیوەندیکردن بە یانەی ئەلتەلەبە، لەلایەن میدیا عێراقییەکانەوە ستایشی زۆری لێکرا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی سپۆرت عێراق، پێش دەستپێکردنی خولی ئەستێرەکانی تۆپی پێی عێراق لەم وەرزەدا، بەشێک لە یانە عێراقییەکان دەستیان کرد بە دامەزراندنی ڕاهێنەری بیانی بۆ سەرکردایەتیکردنی تیپەکانیان بەمەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی تەکنیکی و تاکتیکی یاریزانەکانیان. بەڵام ئەنجامی دامەزراندنی ئەو ڕاهێنەرە بیانییانە زۆر ئومێدبەخش نەبوون و زۆرێک لە تیپەکان هەر لە هەفتەکانی یەکەمدا ماڵئاوایییان لە ڕاهێنەرەکانیان کرد.
هەڵبژاردەی دهۆک سێرجیۆ فاریاسی بەڕازیلی وەرگرت، بەڵام دوای تەنها دوو هەفتە ئیدارەی یانەکە لە کارەکەی دووری خستەوە، چونکە فاریاس نەیتوانی ئاستی تیپەکە باشتر بکات. دواتر یانەکە ڕووی کردە ڕاهێنەری پێشووی سلێمان ڕەمەزان، بەڵام ئەویش بەهۆی نەخۆشییەوە دەستی لەکارکێشایەوە و دواجار عەبدولغەنی شەهادی سەرۆکی ڕاهێنەری عێراقی لە شوێنەکەی دانا، کە ئەنجامێکی باشی لەگەڵ تیپەکە بەدەستهێنا.
دوای ئەزموونه سەرکەوتووەکانی وەڕزی ڕابردوو لەگەڵ یورفان ڤیێرا ڕاهێنەری بەرازیلی، دیسان تیپی نەورۆز ڕووی له ڕاهێنەری بیانی کرد، ئەمجاره یانەکە ڕاهێنەری سویدی یاسین ئاراسیان دامەزراند. بەڵام ئاراس نەیتوانی ئەنجامەکانی تیپەکە باشتر بکات، دوای چەندین شکست، ئیدارەی یانەکە بڕیاریدا وەلی کەریم ڕاهێنەری عێراقی بگەڕێنێتەوە. کەریم توانی ئاستی تیپەکە بەرز بکاتەوە و ئەنجامەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو باشتر بکات.
بەڵام هەندێک یانە دوای ماوەیەکی کەم دوای دەستپێکردنی ڕکابەرییەکە دووبارە ڕوویان لە ڕاهێنەری بیانی کردەوە دوای شکستی ئەزموونی ڕاهێنەرە بیانییەکان لە خولی عێراقدا. بۆ نمونە ئەنتۆنیۆ کازۆرلا ڕاهێنەری ئیسپانی لە یانەی ئەلکەرما جێگەی ئەحمەد خەلەف ڕاهێنەری عێراقی گرتەوە و توانی لەگەڵ ئەم تیپەدا ئەنجامێکی زۆر باش بەدەستبهێنێت و ئەو تیپەی کردە یەکێک لە پاڵێوراوانی پاڵەوانێتییەکە.
هەروەها عەلیرەزا مەنسووریان ڕاهێنەری ئێرانی لە یانەی ئەلتەلەبا جێگەی تەلال بەلوشی ڕاهێنەری قەتەری گرتەوە و توانی تیپەکە بکاتە یەکێک لە تیپە بەهێزەکانی خولەکە، بەتایبەت دوای سەرکەوتنەکانی بەسەر یانەی شورتە و هەولێردا.
بە لەبەرچاوگرتنی سەرکەوتنی ڕاهێنەرە بیانییەکان وەک کازۆرلا و مەنسوریان، پێشبینی دەکرێت لە چەند هەفتەی داهاتوودا یانەکان زیاتر ڕوو لە دامەزراندنی ڕاهێنەری بیانی بکەن، چونکە بەشێک لە تیپەکان زۆر پێویستیان بە گۆڕینی ڕاهێنەر و باشترکردن هەیە بەهۆی دابەزینی ئاست و خراپی ئەنجامەکانەوە.
No Comment! Be the first one.