چاویارنیوز _ ژاڤی، ڕاهێنەری نوێی هەڵبژاردەی هۆڵەندا، پێش یارییە چارەنووسسازەکەی هەڵبژاردەی هۆڵەندا، باسی لە یەکەم یاری خۆی لەگەڵ هەڵبژاردەکە و فەلسەفەی تۆپی پێی، یۆرگن کلۆپ و پێشبڕکێی تۆپی ئاڵتونی ٢٠٢٦ی کرد.
ژاڤی لە سەروبەندی ڕووبەڕووبوونەوەی هۆڵەندا و ئەڵمانیا جەختی لەوە کردووەتەوە کە دەبێت تیپەکەی ئەو شێوازە پیشان بدات کە ئەم دەیەوێت و وتیشی: دەبێت باشترین یاری تۆپی پێمان بەرامبەر ئەڵمانیا ئەنجام بدەین، چونکە ئەوان تیپێکی گەورەن، دەمەوێت تیپەکە بە سۆز و تەماح و ئارەزووی بردنەوەوە یاری بکات و فەلسەفەی خۆمان لە یاریگادا پیشان بدەین.
ڕاهێنەری هۆڵەندا هەروەها بە بەرزی باسی یۆرگن کلۆپ ڕاهێنەری نوێی ئەڵمانیای کرد و وتی: لە ساڵانی ڕابردوودا یەکێک بووە لە باشترین ڕاهێنەرەکانی جیهان، ڕێزێکی زۆرم بۆی هەیە، ئەوە دەبێتە تەحەددایەکی گەورە بۆ من و هەموو تیپەکە.
ژاڤی هەروەها ئاماژەی بە کەسایەتی کلۆپ کرد و وتی: من حەزم لێیە، کاتێک یەکترمان ناسی، ئەو زۆر گەمەی دەکرد تەحەددایەکی گەورەیە بۆ من کە ڕووبەڕووی ڕاهێنەرێکی لەو شێوەیە ببمەوە.
بەڵام گرنگترین بەشی وتارەکەی ژاڤی تایبەت بوو بە خەڵاتی باڵۆن دۆر. باسی لە ئاستی لیۆنێل مێسی کرد لە مۆندیال و سەرکەوتنی ئیسپانیا لە پاڵەوانێتییەکەدا، هەروەها باسی لە بەختی یاریزانە ئیسپانییەکان کرد بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتەکە و وتی: مێسی ئاستێکی نایابی لە مۆندیالدا هەبوو، بەڵام ئیسپانیا مۆندیالەکەی بردەوە و پێموایە یاریزانێکی ئیسپانی دەبێت خەڵاتی تۆپی ئاڵتونی بەدەستبهێنێت.
ژاڤی هەروەها سەبارەت بە لامین یامال ئەستێرەی لاوی ئیسپانیا وتی: یامال یاریزانێکی تایبەتە، دڵنیام لانیکەم جارێک لە ژیانی وەرزشیدا خەڵاتی تۆپی ئاڵتونی بەدەست دەهێنێت.
No Comment! Be the first one.